تشرینی دووه‌م 25, 2022 11:25 Asia/Tehran
  • شەرمەزارکرانی بڕیارنامەی دژە ئێرانیی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دەرکردنی بەیاننامەیەک وێڕای ئیدانه کردنی بڕیارنامە دژه ئێرانییەکەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوه یەکگرتووەکان، بە کردەوەیەکی دژه ئێرانیی دەستەیەکی بچوکی وڵاتانی ڕۆژئاوای زانی و بە تەواوی ڕەتی کردەوە.

ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنج شەممە بڕیارنامەیەکی دژە ئێرانیی سەبارەت بە خۆی وتەنی ڕەوشتی مافی مرۆڤ لە ئێران پەسەند کرد.

ئەم بڕیارنامەیە بە ٢٥ دەنگی بەڵێ و ٦ دەنگی نەخێر و ١٥ دەنگی بێ لایەن پەسەند کرا.

ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤ بە ئامانجی ئیدانەکردنی ڕەوشتی مافی مرۆڤی ئێران بۆ پشتیوانی لە ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییە کۆبوونەوەیەکی بەڕێوە برد کە سەرباری ئەوەی کە  زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە پێی پێوەرێکی دووفاقانە ڕەخنەیان لە سیاسەتەکانی مافی مرۆڤی ئێران گرت، بەڵام ھێندێک لە وڵاتان ، ئەنجومەنەکەیان بە ڕەچاوکردنی «پێوەری دووفاقانە» تۆمەتبار کرد.

به پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم ڕاگەیەندراوەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە: کردەوەی دژەئێرانی چەندوڵاتێکی ڕۆژاوایی له مەڕ سەپاندنی بڕیارنامەیەکی دژه ئێران به سەر ئەنجومەنی مافی مرۆڤ به توندی ئیدانه دەکات.

لەم بەیاننامەیەدا ھەروەھا ھاتووە: زۆر بەداخەوە جارێکی دیکە ئەنجومەنی مافی مرۆڤ بۆ بەرژەوەندیی کورتخایەنی چەند وڵاتێک بە خراپ بەکارهێنراوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وێڕای داخ و مەخابن دەربڕینی دووبارە بۆ کارەساتە دڵتەزێنەکەی گیان لە دەست دانی خوالێخۆشبوو خاتوو «مەھسا ئەمینی»، جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەستبەجێ لەگەڵ کۆچی دوایی «خاتوو مەھسا ئەمینی» تەواوی کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕوانگەیەکی مرۆڤی و پابەندبوونی ڕاستەقینە بە مافی مرۆڤ کە سەرچاوەی لە فێرکاریی ئایینی و یاسای بنەڕەتیی پێشکەوتەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وکلتووری شارستانیەتی ئێرانییەوە وەرگرتووە، ھەڵوێستێکی بەرپرسانەیان لە بارەی ئەم ڕووداوە تاڵەوە ڕەچاو کرد.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە؛ ئەم ھەڵوێستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی  پەرۆشمەندی و ھەست بە بەرپرسایەتی کردنی کاربەدەستانی باڵای وڵات و پێکھاتەو دامەزراوە پەیوەندیدارەکانە، ئەمە جیا لەوەی کە نیشاندەری ھەست بە بەرپرسایەتی کردنیشە لە ڕووی نیشتیمانی و یاساوڕێسای نێوخۆیی و بنەمای مرۆڤی و ھەروەھا ڕێزگرتن و پابەند بوون بەو بەڵێنمەندییانەی کە ئەندامەتی لە مێکانیزمە نێونەتەوەییەکان بۆیان دیاری کردووە.

بەیاننامەکە باسی ئەوەشی کردووە کە، سەرەڕای ھانابردنی هەندێک لە خۆپیشاندەران بۆ ڕەفتاری توندوتیژو ئاژاوەنانەوەو ھەروەھا ھەڵخڕاندن و دەستوەردانی بەبەرنامەی بیانی لە ماوەی دوو مانگی ئەم دواییە و ھەوڵی تیرۆریستیی تاقمگەلێکی چەکدار بە شێوازی جۆربەجۆر، کەچی ھێزەکانی پاراستنی ئاسایشت لە ئێران بەوپەڕی دان بەخۆداگرتن و پشوودرێژییەوە لەگەڵ ئاژاوەگێڕاندا ھەڵس و کەوتی کردووەو لەم پێناوەش دا دەیان کەس لە ھێزەکانی پۆلیس و پارێزەرانی ئاسایشت شەھیدو چەند ھەزارکەسیش بریندار بوونە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە بێ گومان کردەوەکانی رژێمی ئەڵمانیا و ھۆکارانی دیکەی دانیشتنە تایبەتییەکەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ هەڵەیەکی مێژوویی و ئامانجێکی سیاسی فرەڕەهەند بووە.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا ھاتووە، جێگەی داخە کە ھەڵوێستی ھەلپەرستانەو کەڵکاژۆیی و بە ئامێرکردنی پرسی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن گروپێکی دیاریکراوی وڵاتانەوە ، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی توشی جەمسەربەندی کردووەو ئاڵۆزییەکانی پەرە پێ داوەو دیارە ئەم ھەڵوێستەش نەک ھەر یارمەتیی بەرز بونەوەی ئاستی مافی مرۆڤ نادات، بەڵکو دەشیکاتە قوربانیی ئامانجی سیاسی و دوژمنکارانەی ھێندێک لە وڵاتان دژی ئەندامانی دیکەی کۆمەڵگای جیھانی.

لەم بەیاننامەیەدا ھاتووە: حکومەتی ئەڵمانیا و هەندێک لە حکومەتە ڕۆژئاواییەکانی بەشداری ئاراستەکردنی بڕیارنامەکە لەسەر بنەمای بۆچوونێکی هەڵەو لە ژێر گوشاری لۆبییە سیاسییە تایبەتەکان و هەواڵ و دەنگ و باسی درۆی هەندێک لە میدیای دژە ئێرانییە ناسراوەکان، توشی ھەڵەی ستراتژیی بووەو دیارە تێپەڕینی زەمەن ئەوە دەردەخات کە ئەم نائاوەزمەندییە سیاسییەی ئێستایان چەندە بەزیانی بەرژەوەندییەکانیان تەواو دەبێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو بڕیارنامەیەی لە ژنێڤ لە دژی ئێران پەسەند کراوە، ئەنجامی راستەوخۆی بەکارهێنانی تێڕوانینە هەڵەکانە بۆ بەدواداچوونی ئامانجە دژە ئێرانییەکانی چەند وڵاتێکی رۆژئاوا لە کۆڕوکۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان.

لە کۆتایی ئەم بەیاننامەیەدا ھاتووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە لەبەرچاوگرتنی بوونی لیژنەیەکی توێژینەوەی تایبەتمەند بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە گیان لە دەست دانی خاتوو«مەھسا ئەمینی»و ھەروەھا بوونی لێژنەیەکی نیشتیمانیی لێکۆڵینەوەی داگری مافناسان و بە بەشداریی نوێنەرانی سەربەخۆ لە پێکھاتە سەرەکییەکەی و لە پەیوەندی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی وڵات، پێکھێنانی ھەرچەشنە میکانیزمێکی تازە بۆ لێکدانەوەی کێشەکانی دوو مانگی ڕابردوو لە ئێران دا بە ناپێویست و پێشێلکاری دەستەڵاتی نیشتیمانی دەزانێ و ھیچ ئەرکمەندییەکی دیکەش لەم بوارەدا بە فەرمی ناناسێت.

سەرپەیڤ