تشرینی دووه‌م 29, 2022 13:47 Asia/Tehran
  • سەرۆک وەزیرانی عێراق گەییشتە تاران

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە کۆمەڵەی فەرھەنگی و مێژوویی «سەعدئاباد» بە شێوەی فەرمی پێشوازیی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «محەممەد شیاع سودانی»، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە، بە سەرۆکایەتی شاندێکی سیاسی و ئابووری بەمەبەستی وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەییشتە تاران.

نەریتی بەخێرهاتنی فەرمیی سودانی بە ئامادەبوونی «سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی»، سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆمەڵەی فەرهەنگیی «سەعد ئاباد» لە تاران بەڕێوەچوو.

لەم ئاھەنگەدا سرودی نیشتمانیی هەردوو وڵاتی ئێران وعێراق لێدراو سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆک کۆماری ئێران یەکە سەربازییەکانی ئامادەبووی مەیدانەکەیان بەسەر کردەوەو پاشان شاندە باڵاکانی هەردوو وڵات بە یەکتر ناسێندران.

دوابەدوای ئاھەنگی بەخێرهاتنی فەرمی، دانوستانی دووقۆڵیی نێوان ڕەییسی و سودانی دەست پێدەکات و شاندی ئابووری و سیاسیی هەردوو وڵاتیش بابەتی دوو قۆڵی و ناوچەیی و هاوکارییەکان تاوتوێ دەکەن.

ئەمە یەکەم سەردانی «محەممەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئێرانە لە دوای بەئەستۆ گرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی.

عێراق لە نێو وڵاتانی عەرەبی ڕۆژئاوای ئاسیا، زۆرترین پەیوەندیی فەرهەنگی و ئایینی لەگەڵ ئێران هەیە.

بوونی درێژترین سنوور لە نێوان دراوسێکان واتە (نزیکەی 1258 کم سنووری وشکانی و 351 کم سنووری ئاوی)، پەیوەندی ڕەگەزی، مێژوویی، زمانەوانی، هاوبەشیی ئایینی و بوونی هەڕەشە و بەرژەوەندیی هاوبەشی ئەمنی و ئابووری لە ڕیزی ئەو خاڵە گرنگانەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران وعێراق دێنە ئەژمار.

سەرپەیڤ