جەختکردنەوەی ڕەئیسی لەسەر پەرەپێدانی هاوکاری لەگەڵ عێراق لە حکومەتی نوێی ئەم وڵاتە
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی هیواداریی دەربڕی کە هاوکارییەکانی نێوان دوو وڵات لە حکومەتی نوێی عێراقدا پەرەی پێ بدرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی ئێران پرێس، «سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش دا لەگەڵ «محەممەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تاران ڕایگەیاند: ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و خەباتی دژی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و هەر نائەمنییەک کە هەڕەشە لە ناوچەکە بکات بەشێکە لە ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات.
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتیشی: ئامادە بوونی بیانییەکان کێشەیەک لە کێشەکانی دیکەی ناوچەکە زیاد دەکات و کشانەوەی ئەو هێزانەش لە ناوچەکە دەتوانێت یارمەتییەکی بەرچاوی ئاسایشی ناوچەکە بدات.
ڕەئیسی هەروەها ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق پەیوەندییەکی ئاسایی نییە و ڕەگ و ڕیشەی لە بیروباوەڕی ئەم دوو گەلەدایە.
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ئاماژەی بەوەش دا که بوونی سەرۆک وەزیرانی عێراق له کۆماری ئیسلامیی ئێران خاڵی وەرچەرخانه له پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و به دڵنیاییەوه دانوستانی دوو قۆڵی دەتوانێت هەنگاوێکی گەوره بێت بەرەو باشتر کردنی پەیوەندییەکان.
«محەممەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لەم پرێس کۆنفرانسە ھاوبەشەدا جەختی لە هاوکاریی وڵاتانی ناوچەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تاوانە ڕێکخراوەکان کردەوە و ڕاشیگەیاند:سیاسەتی حکومەتی عێراق ئەوەیە کە ئەم وڵاتە نابێت ببێتە خاڵی دەستپێک بۆ زیانگەیاندن بە وڵاتانی ناوچەکە.
سودانی جەختی لەوەش کردەوە کە حکومەتی عێراق ڕێگە نادات خاکی ئەو وڵاتە بۆ زیانگەیاندن بە هیچ لایەنێک بەکاربهێنرێت.
سەرۆک وەزیرانی عێراق سەفەری ئەمڕۆی بۆ تاران به مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییه مێژووییەکانی نێوان ئێران وعێراق زانی و وتیشی: گەل و حکومەتی عێراق پاڵپشتیی کۆماری ئیسلامی له بەرامبەر تیرۆریستانی داعش له بیر ناکەن.
«محەممەد شیاع سودانی»، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە، بە سەرۆکایەتی شاندێکی سیاسی و ئابووری بەمەبەستی وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەییشتە تاران.