کانونی یه‌که‌م 01, 2022 10:05 Asia/Tehran
  • دەسپێکی گەشتەکەی سەرۆک کۆمار بۆ پارێزگای کوردستانی ئێران

ئایەتوڵڵا «سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی» لەگەڵ ژمارێک لە ئەندامانی کابینەی دەوڵەت، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەمەبەستی خستنەگەڕی پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی «بەنداوی ئازاد» بۆ شاری سنە ، گەییشتە ئەم شارە.

ئایەتوڵڵا «ڕەئیسی» سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە فڕۆکەخانەی سنە، لەلایەن پارێزگاری پارێزگای کوردستان و نوێنەری وەلی فەقیهـ لەو پارێزگایەو ژمارێک لە بەڕێوەبەرانی باڵای پارێزگاکەوە پێشوازیی لێکرا. خستنەگەڕی سیستەمی گواستنەوەی ئاوی «بەنداوی ئازاد» بۆ پاڵاوگەی سنە، دیدار لەگەڵ خەڵک و کۆبوونەوە لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی و زانایان و بلیمەتانی ئەم پارێزگایە، لە گرینگترین بەرنامەکانی گەشتە یەک ڕۆژەکەی سەرۆک کۆمار بۆ پارێزگای کوردستان دێنە ئەژمار.

 پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی «بەنداوی ئازاد» بۆ پاڵاوگەکەی شاری سنە لەڕیزی پرۆژە گەورەکانی دەوڵەت لە بواری ئاوگەیاندن و تۆڕی ئاوی شارییە کە لە ماوەی بیست مانگدا کۆتایی هاتووە. دەسپێکی ئەم پرۆژەیە لە دەیەی فەجری ساڵی ٩٩ بوو، هەڵمەتی جێبەجێ کرانی پرۆژەکەیش لە دەسپێکی ساڵی هەزار و چوارسەد بوو و فازی یەکی لە مانگی گەڵاڕیزانی ئەمساڵ گەییشتە قۆناغی کەڵک لێوەرگیران.

پلانی دابینکردنی ئاو بۆ سنە یەکێکە لەو پڕۆژانەی کە بە هۆی جەختکردنەوەکانی سەرۆک کۆمار و بەدواداچوونی بەردەوامی وەزیری وزە و بەرپرسانی پارێزگا، سەرەڕای شاخاوی و پڕلە ھەڵەموت بوونی ڕێگاکە بۆ گواستنەوە، لە ماوەی دیاریکراودا تەواو بووە  و ئاو لە «بەنداوی ئازادەوە» بۆ وێستگەی پاککردنەوە و پرۆسەی سەختی تێپەڕاندنی بۆری پۆڵا لە دڵی گاشەبەردەکانەوە بە ئەنجامێکی لەبار کۆتایی هات.

سەرپەیڤ