کانونی یه‌که‌م 03, 2022 12:03 Asia/Tehran
  • دەست پێ بوونی دروستکرانی ھێزگەی ئەتۆمیی

ھەڵمەتی دامەزراندنی ھێزگەی ٣٠٠ مێگاواتیی "کارون" لە شاری «دارخووەین»ی سەر بە پارێزگای خوزستان لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران دەستی پێ کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم، ھەڵمەتی دامەزراندنی ھێزگەی ٣٠٠ مێگاواتیی "کارون"بە ئامادەبوونی «محەمەد ئیسلامی»سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی و جێگرەکانی و کۆمەڵێک لە بەڕێوەبەرانی باڵای پیشەسازیی ئەتۆمی ئێران،ئەمڕۆ شەممە لە شاری «دارخووەین»ی سەر بە پارێزگای خوزستان لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران دەستی پێ کرد.

ھێزگەی ئەتۆمیی "کارون" بە جۆری ئاوی سوکی بەتەوژم (PWR) بە توانای بەرھەمھێنانی 300 مێگاوات لەڕووی زەوییەک بە پانتایی نزیکەی 50 دۆنم لە دەوروبەری ڕووباری کارون و لە نزیک شاری «دارخووەین» دروست دەکرێت.

ھێزگەی کارەبای ئاوی سوکی بەتەوژم باوترین ھێزگەی کارەبای ئەتۆمییە لە جیهاندا کە ئاوی سووک وەکو ساردکەرەوە و خاوکەرەوە بەکاردەهێنێت و سووتەمەنیی ئەم جۆرە ڕیاکتۆرانە بریتین لە ئۆکسیدی یۆرانیۆم کە پیتاندنی نزیکەی ٤٪ دەبێت.

دروستکردنی ئەم ھێزگە کارەباییە لە ئاراستەی ئەرکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای ئەتۆمییە لە ڕێگەی دروستکردنی ھێزگەی ئەتۆمیی خۆماڵییەوەو ماوەی پێچوونی جێبەجێکردنی ئەم پلانەش ٨ ساڵە و بە کەڵکوەرگرتن لە ئەوپەڕی توانایی ناوخۆی  وڵات لە بوارەکانی دیزاینکردن و دابینکردنی ئامێر و دروستکردنی ھێزگەی ئەتۆمی جێبەجێ دەکرێت و بەکاردەهێنرێت.

تێچووی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە نزیکەی 2 ملیار دۆلارەو لەو سوودانەی دروستکردن و کارپێکردنی ئەم پڕۆژەیەش دابینکردنی کارەبایە بۆ ناوچەکە.

جێگای ئاماژەیە،بەمەبەستی ڕاپەڕاندنی ھەڵمەتی جێبەجێکردنی بنیاتنانی ھێزگەی ئەتۆمیی کارون، کۆمپانیا ئێرانییەکان بۆخۆیان ھەوڵی دروستکردنی کەرەستەوئامێرە میکانیکییە نەگۆڕەکانی ھێزگەکەو، هەروەها دیزاین و دروستکردنی پەمپەکانی ساردکەرەوەی جەغزی یەکەم و ھێزگەکە دەدەن.

سەرپەیڤ