کانونی یه‌که‌م 12, 2022 16:29 Asia/Tehran
  • شەهریاری: شەهید مەولەوی «عەبدولواحید» هەمیشە بۆ یەکڕیزیی ئومەتی ئیسلامی خەباتی دەکرد

ئەمینداری گشتیی کۆگەی جیهانیی لێک نزیک بوونەوەی ئایینزا ئیسلامیەکان وێڕای ستایشی هەوڵە یەکگرتوویی بەخشەکانی شەهید مەولەوی «عەبدولواحید ڕیگی»، بەرنوێژی ئەهلی سوننەی مزگەوتی ئیمام حسێن (ع) لە شاری خاش، جەختی لەوە کردەوە کە ڕێبازی ئەم شەهیدە ھەروەک جاری جاران بەردەوام دەکرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، حوججەتولئیسلام «حەمید شەهریاری»، ئەمینداری گشتیی کۆگەی جیهانیی لێک نزیک بوونەوەی ئایینزا ئیسلامیەکان لە پەیامێکدا وێڕای سەرەخۆشی کردن بە بۆنەی شەهیدکرانی مەولەوی «عەبدولواحید ڕیگی» نووسی: جارێکی دیکە دەستی ناکۆکی چێکەرو توندوتیژخوازی دوژمنانی ئیسلام لە قۆڵی بریکارە بەکرێگیراوەکانیان هاتە دەرەوە و یەکێک لە مامۆستایانی ئایینیی یەکگرتووخوازو شۆڕشگێڕو جەنگاوەری سەردەمی بەرگریی پیرۆزی لە سیستان و بەلوچستانی ئێران شەهید کرد.

حوججەتولئیسلام «حەمید شەهریاری» وتیشی: ئەم زانا ناسراو و دیارەی سوننە، کە یەکێک بوو لە بەرنوێژە جەماوەری و کاریگەرەکانی ناوچەی خاش، هەمیشە خەباتی بۆ یەکگرتوویی ئوممەتی ئیسلامی دەکرد و سەرەڕای هەڕەشەی بەردەوامی دەست و پێوەندەکانی ئیستیکبار، وازی لە چالاکیی خێرخوازانەی ئیسلامی نەدەھێنا.

ئەمینداری گشتیی کۆگەی جیهانیی لێک نزیک بوونەوەی ئایینزا ئیسلامیەکان جەختی لەوەش کردەوە کە،ئەم جۆرە تیرۆرە کوێرانە و ترسنۆکانەیە سستەکی لە ئیرادەی ئوممەتی ئیسلامی بۆ هەنگاونان بەرەو ئومەتێکی یەکگرتوو دروست ناکات.

مەولەوی «عەبدولواحید ڕیگی»، بەرنوێژی ئەهلی سوننەی مزگەوتی ئیمام حسێن (ع) لە شاری خاش، کە یەکێک بوو لە مامۆستایانی ئایینی پێشەنگ و ھەڵکەوتەی  ناوچەکە و پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ڕفێندرا و شەهید کرا.

بەڕێزی لە ڕیزی ئەو کەسایەتییە دیارانە بوو کە ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە ئاراستەی ئاشتی و سازان و بانگهێشتکردنی خەڵک بۆ ئارامی و ئۆقرەگرتن.

سەرپەیڤ