کانونی یه‌که‌م 13, 2022 23:07 Asia/Tehran
  • گیرانی ئەنجامدەرانی شەهیدکردنی مەولەوی «عەبدولواحید ڕیگی»

داواکاری گشتی و شۆڕشی زاهیدان ڕایگەیاند: لەگەڵ دەستگیرکرانی بکوژانی «مەولەوی عەبدولواحید ڕیگی» ئەوە دەرکەوت کە بەرنامەی تیرۆری دیکەشیان بە دەستەوە بووە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا، هێزە ئەمنییەکانی ئێران ئەنجامدەرانی تیرۆری شەهید مەولەوی «عەبدولواحید ڕیگی» ئیمامی مزگەوتی ئیمام حسێن (ع)یان دەستبەسەر کرد.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، «مەهدی شەمس ئابادی»،داواکاری گشتی و شۆڕشی زاهیدان  چۆنیەتی دەستگیرکردنی تاوانبارانی تیرۆرکردنی مەولەوی «عەبدولواحید ڕیگی»، ئیمامی مزگەوتی ئیمام حسێن (ع) لە شاری خاشی ڕوونکردەوە.

«شەمس ئابادی» وتی: ڕۆژی ١٧ی سەرماوەز، مەولەوی «عەبدولواحید ڕیگی» لە دەرگای پشتەوەی مزگەوتی ئیمام حوسێن (ع)ی لە شاری خاش ڕفێندرا و دواتر شەھید کرا.

ئەم بەرپرسەی دادی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: لە ساتەکانی سەرەتای ئەم ڕووداوەدا، سەربازانی ئاسایشتی وڵات ڕێوشوێنی پێویستیان بۆ ناسینەوەی تاوانباران خستە بەرنامەی کاری خۆیانەوەو لە ماوەی ٢٤ کاژێری دوای ڕووداوەکە، ئەنجامدەرانی ئەو تیرۆرە ناسێنران و پێش پەڕینەوە لە سنوورەکانی وڵات لەلایەن سەربازانی ئاسایشتی وڵاتەوەو بە پاڵپشتیی ئۆپەراسیۆنی هێزی پۆلیسی سیستان و بەلوچستان دەستبەسەر کران.

وتیشی:لە کاتی دەستگیرکردنەکەدا دەست بەسەر دەمانچەیەکیش دا گیرا کە مەولەوی «عەبدولواحید ڕیگی»ی پێ تیرۆر کرابوو. لەگەڵ دەستگیرکرانی ئەم تاوانکارانەدا، ئەوە دەرکەوت کە بەرنامەی تیرۆری دیکەشیان بە دەستەوە بووە کە لە داهاتوودا وردەکارییەکانی ئاشکرا دەکرێت.

داواکاری گشتیی زاهیدان ڕاشیگەیاند: بە دڵنیاییەوە تیرۆرکردنی کەسایەتییەکانی وەک مەولەوی «عەبدولواحید ڕیگی» کە بانگەوازی یەکڕیزی و ئاشتی دەکەن، جگە لە دروستکردنی ناتەبایی و دووبەرەکی لە نێوان برایانی شێعە و سوننە هیچ ئامانجێکی دیکەی لە پشتەوە نییە.

سەرپەیڤ