کانونی یه‌که‌م 24, 2022 11:08 Asia/Tehran
  • ئەمیر عەبدوڵڵاهیان: ئێران بۆ ھەڵگرتنی دوایین هەنگاوەکانی  ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئامادەیە.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەی ھەڵگرتنی هەنگاوی کۆتایی بۆ ڕێککەوتنی ناڤۆکی و ھەڵوەشاندنەوەی بایکۆتی ستەمکارانەیە.

«حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان»، وەزیری دەرەوەی ئێران شەوی هەینی لە توییتێکدا نووسی: لە دیدارێکدا لەگەڵ «جۆزێپ بۆرێل»، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، سەبارەت بە ھەڵگرتنی هەنگاوەکانی کۆتایی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕەزامەند بووە. هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێران ڕوونیشی کردەوە: پەنجەرەی ڕێککەوتن لە لایەن ئێرانەوە بۆ هەمیشە کراوە نییە.

بەرپرسی دەزگای سیاسەتی دەرەوەی ئێران هەروەها وێڕای جەختکردنەوە لەسەر چارەسەریی سیاسی لە ئۆکرانیا وتی: نە کارەساتەکانی گوانتانامۆ و ئەبوغرێب، نە تاوانەکانی دژ بە ژنان و منداڵان لە یەمەن و ئەفغانستان، ڕێگە بە ئەمریکا نادەن ئامۆژگاریی کەسانی دیکە بکات.

بەرلەمەو دوای دیدار لەگەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپاش، وەزیری دەرەوەی ئێران نووسیبووی کە دیدارەکەی لەگەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕاشکاوانە، دۆستانە و بنیاتنەر بووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ھیواداریی دەربڕی بوو کە بە لەبەرچاوگرتنی ھەڵوێستی ئەمریکییەکان لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوو، گۆڕانکارییەک لە ڕوانگەو هەڵسوکەوتی ڕاستبینانەی لایەنی ئەمریکیدا بەدی بێت.

سەرۆکی دەزگای سیاسەتی دەرەوەی ئێران ڕاشکاوانە بە ئەمریکییەکانی ڕاگەیاندبوو کە دەبێ لە نێوان دووڕوویی و داوای ڕێککەوتن و گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ بەرجام یەکێکیان هەڵبژێرن.

سەرپەیڤ