کانونی دوھەم 03, 2023 03:22 Asia/Tehran
  • ئازادکردنی سێ هەزار زیندانی بە بۆنەی ساڵیادی شەهیدبوونی سەردار سولەیمانی

بە بۆنەی ساڵیادی شەهیدبوونی سەردار سولەیمانی بە فەرمانی سەرۆکی دەزگای دادپەروەریی ئێران سێ هەزار بەندکراوی خاوەن مەرجی پێویست ئازاد کران.

ناوەندی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی دادپەروەری لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، لە سەروبەندی سێهەمین ساڵیادی شەهیدبوونی سەردار «حاج قاسم سولەیمانی» ڕێوڕەسمی یارمەتی دانی ئازادکرانی زیندانیانی سزادراوی دارایی و تاوانی نائەنقەست بە ئامادەبوونی حوججەتولئیسلام وەلموسلیمین «موحسینیی ئیژەیی»، سەرۆکی دەزگای دادپەروەریی ئێران لە دەزگای دادی سەربە پارێزگای کرمان و لە شێوەی پەیوەندیی ڤیدیۆ کۆنفڕانس لەگەڵ دەسەڵاتی دادپەروەریی سەرتاسەری وڵات بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی ئەم ڕێ و ڕەسمە کە بۆ یادی سەردار سولەیمانی بەڕێوەچوو، لە ھەر پارێزگایەک دا بە قەدەر ژمارەی تەمەنی پڕپیت و بەرەکەتی شەھید سولەیمانی لانیکەم ٦٣ زیندانیی خاوەن مەرجی پێویست لە نیعمەتی ئازادی سودمەند بوون و ھێندێک سەرەتیی یاسایی دیکەش بۆ ژمارەیەکی تر لە زیندانییەکان ڕەچاو کرا.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی دووشەممە بە فەرمانی سەرۆکی دەزگای دادپەروەریی ئێران نزیکەی سێ هەزار زیندانیی خاوەن مەرجی پێویست ئازاد کران و ١٦ کەسی دیکەش کە بڕیاری قیساسیان لە سەر درا بوو بە هەوڵی کاربەدەستانی دادوەری و لێخۆشبوونی بنەماڵەی کۆستکەوتوو لە بڕیاری قیساس ڕزگاریان ھات.

سەرداری سپەھبۆد «حاج قاسم سولەیمانی» فەرماندەی پێشووی لقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، سێھەمی ژانویەی ٢٠٢٠، لە کاتێکدا کە بە پێی بانگێشتنی فەرمیی کاربەدەستانی عێراق سەردانی ئەم وڵاتەی کردبوو، لە ھێرشی ئاسمانیی ھێزە داگیرکەرو تیرۆریستەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، ھاوڕێ لەگەڵ «ئەبو مەهدی موھەندیس» جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی و هەشت کەس لە هاوڕێبازەکانی دیکەی شەهید کران.

سەرپەیڤ