کانونی دوھەم 23, 2023 16:14 Asia/Tehran
  • پارێزگاری کرماشان: ھەرێمی کوردستان بازاڕێکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی هەناردە و گەشتیاریی کرماشان

پارێزگاری کرماشانی، هەرێمی کوردستانی بە بازاڕێکی گرنگ بۆ کرماشان زانی و وتی: وڵاتی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق گەلێک ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی، نەتەوەیی و کولتووریی هاوبەشیان پێکەوە هەیە و وا ھەڵدەگرێ ئەو هاوبەشیانە بە باشترین شێوە لە پێناو فراوانکردنی پەیوەندییەکان و پەڕینەوە لە ڕکابەرە بازرگانی و ئابوورییەکان لەناوچەکەدا بەکار بھێندرێن.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ «محەمەد تەیب سەحرائی» شەوی دووشەممە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ «نەسروڵڵا ڕەشنوودی»، کونسولی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێرو شاندەکەی یاوەری کە لە نووسینگەی پارێزگاری کرماشان بەڕێوەچوو؛ باسی خواستی لێبڕاوانەی بەڕێوەبەرایەتیی باڵای پارێزگاکەی کرد بۆ پەرە پێ دانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و وتیشی: قازانجی سنووری هاوبەش لەگەڵ عێراق بۆ کرماشان هاوشێوەی دەریای خەزەرە بۆ گێڵان و مازەندەران و دیارە لەم ئاراستەیەدا بە پلانێکی دروست و ڕێک و پێک، ئەم دەرفەتە گەورەیە بقۆزرێتەوەو خەڵکی پارێزگاکەی لێ سوودمەند بکرێت.

«سەحرایی» ستایشی تێڕوانینی ئەرێنیی سەرکۆنسولی ئێران لە هەولێری کرد بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان پارێزگای کرماشان و ھەرێمی کوردستان و وتی: هەموو هێزی خۆمان بۆ فراوانکردن و زیادکردنی پەیوەندییە ئابووری، گەشتیاری و ڕۆشنبیرییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەکار دێنین و  هیواداریشین ئەم پەیوەندیانەش بە زووترین کات لە شێوەی ڕێکارێکی پراکتیکیی گونجاو و لە چوارچێوەی یاساکانی هەردوو وڵاتدا دامەزرێنرێن.

پارێزگاری کرماشان لە درێژەدا ئاماژەی بە مێژووی دوور و درێژی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان لە ڕێگەی سنووری خوسرەوی لەگەڵ عێراق دا کرد و وتیشی: تەواوکردنی ژێرخانی ئابووری، فراوانکردنی ئاسانکارییەکان، باشترکردنی بەڕێوەبردنی گومرگی و ڕێکخستنی پێنج سنووری ئاڵوگۆڕی فەرمیی پارێزگاکە لەو ئەوبەرایەتییانەن کە بە بڕشتانە پەیڕەو دەکرێن.

لە درێژەی ئەم دیدارەدا سەرکۆنسولی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێریش وتی: بازاڕی عێراق و بەتایبەت ھەرێمی کوردستان بەستێنێکی گونجاوە بۆ پەرەپێدانی هەناردەکردن، کە بەداخەوە لە ماوەی تا ساڵانی ڕابردوودا وەک پێویست کەڵکی لێ وەر نەگیراوە.

«نەسروڵڵا ڕەشنوودی» بوونی پێکھاتەگەلی بەتوانای وەبەرهەمهێنان و پیشەسازیی لە پارێزگای کرماشان دا بە دەرفەتێک بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان زانی و وتی: کرماشان بۆ چەسپاندنی جێ و شوێنی خۆی لە بازاڕی عێراق و ھەرێم دا پێویستی بە پلانی زیاتر و باشترە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی توانایی ململانێ کردن لەگەڵ بۆ ئەوەی ڕکابەرەکانی نەتوانن بە ئاسانی ئەو بازاڕەی لێ تەنگ کەنەوە.

بەڕێزی لە کۆتایی دا ستایشی خواستی بەبڕشتانەو بەڕێوەبەرایەتیی باڵای پارێزگای کرماشان بۆ ئامادە بوونی زیاتر لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستانی کردو وتیشی: پێکھاتەی کۆنسولگەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەرێمی کوردستان، دەسەڵات و مسۆگەراتی خۆی لە ئاراستەی دروست کردنی ئاسانکاری بۆ پتەوکردنەوەی ئەو پەیوەندییانە و ئامادەبوونی زیاتری کرماشان لە پێشانگە بازرگانییەکان بەکار دەھێنێ.

سەرپەیڤ