کانونی دوھەم 24, 2023 16:14 Asia/Tehran
  • ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە لوتکەی ئیکۆ: ڕێگای ڕاست بریتییە لە گرنگیدان بە دیپلۆماسی و کارلێکی بنیاتنەر و ژیرمەندی

وەزیری دەرەوەی ئێران لە بیست و شەشەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئیکۆدا ڕایگەیاند کە ڕێگای ڕاست بریتییە لە گرنگیدان بە دیپلۆماسی، کارلێکی بنیاتنەر و ژیرمەندی.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا، «حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران دەرکردنی بڕیارنامەی دەستێوەردەرانەو نائاسایی پەرلەمانی ئەوروپای شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند کە دەرئەنجامە نەرێنییەکانی ئەو جۆرە ڕەفتارە سۆزدارییانە لە سەر ئەوروپا گران دەکەوێت، بۆیە ڕێگای ڕاست بریتییە لە گرنگیدان بە دیپلۆماسی و کارلێکی بنیاتنەرو ژیرمەندی.

«ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» هەڵسوکەوتی سوکایەتی کارانە بەرامبەر بە پیرۆزایەتیی ئایینە ئیلاهیەکان بەتایبەت سوکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز و پاڵپشتیکردنی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا لەژێر ناونیشانی ئازادیی ڕادەربڕین بە هیچ شێوەیەک بە جێگای قبوڵ نەزانی و ئیدانەی کرد.

وەزیری دەرەوەی ئێران بە دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی لە بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیکۆ، ڕایگەیاند کە، سێ دەیە بەسەر هەوڵەکانی ١٠ وڵات بۆ یەکگرتنی ناوچەیی لەم بوارە مێژوویی و شارستانییەدا تێپەڕیوە و بەستێنی بەنرخ بۆ هاوکاریی ناوچەیی پێکهاتووە، هەرچەندە تا ئێستاش مەودایەکی بەرچاو لە نێوان دەستکەوتەکان و توانا ڕاستەقینەکانی ناوچەی «ئێکۆ» بەدی دەکرێت.

«ئەمیر عەبدوڵڵاهیان» بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە پێویستە «ئیکۆ» ئاستیی بازرگانیی نێوهەرێمی لە نێوان ئەندامەکانی دا بەرز کاتەوە، وتیشی: پێویستە هەموو ئەندامان پشتگیری و بەشداری بکەن لە دەستپێکردنی دانوستانەکان بۆ ئازادکردنی بازرگانی لەسەر ئاستی ناوچەیی.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەدا ئاماژەی بە پرسی وزە و گرنگ بوونی لە جیهاندا کرد و وتی: کە قەیرانی ئێستای ئاسایشی وزە لە ناوچەکەو جیهاندا، زەبرھەڵگرتنی وڵاتانی بەکارهێنەری وزەی لە ھەمبەر شۆکە چاوەڕواننەکراوەکان ئاشکرا کردووە ، کە لەم پەیوەندییەدا ناوچەی ئیکۆ دەتوانێت ببێتە مۆدێلێکی هاوکاری لە نێوان وڵاتانی بەرهەمهێنەرو  بەکارھێنی وزە.

سەرپەیڤ