کانونی دوھەم 26, 2023 22:12 Asia/Tehran
  • ناڕەزایەتی دەربڕینی فەرمیی ئێران بەرامبەر عێراق: ناوی ساختە بۆ کەنداوی فارس جێگای قەبووڵ نییەو  دەبێ ڕاست بکرێتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کردەوەی کاربەدەستانی عێراقی لە مەڕ بەکارهێنانی ناوێکی ساختە بۆ کەنداوی فارسی بە پێچەوانەی پرەنسیپی دراوسێیەتی باش و پەیوەندی دۆستانەی نێوان دوو وڵات زانی و داوای ڕاستکردنەوەی ئەم بابەتەی کرد.

لە ماوەی چەند حەوتەی ڕابردوودا هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی یارییەکانی تۆپی پێی جامی کەنداو لە عێراق کۆمەڵێک لە سیاسەتمەدارانی عێراقی وشەیەکی نامۆو ساختەیان بۆ پانتاییە ئاوییەکەی باشووری ئێران بەکارهێنا.

لەم پێوەندییەداو بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئێران پرێس، «ناسر کەنعانی چافی» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بەم کارە ڕایگەیاند: باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا پێشتر ناڕەزایەتی لە ھەمبەر ئەم ساختەکارییە دەربڕیوەو فەرمانگەی گشتیی مافەوانیی وەزارەتی دەرەوەش بە ناردنی  یادداشتێکی فەرمی ئەم کارەی عێراقی بە قبوڵنەکراو ڕاگەیاندو داوای کرد عێراق ڕێز لە ناوە نێودەوڵەتییەکان بگرێت.

«کەنعانی چافی» ئاماژەی بەوەش دا کە چاوەڕوان دەکرێت دەسەڵاتدارانی عێراق گرنگیی پێویست بدەن بە بەکارهێنانی ناوی دروست بۆ ئەم پانتاییە ئاوییە کە نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەسەر کردووەتەوەو و ڕوونیشی کردەوە کە: ناوی کەنداوی فارس لە بەڵگەنامە و نەخشە و گەشتنامەکاندا بەکارهاتووەو هەزاران ساڵە دەقە کۆنەکان هەمان ناویان هەیە و دروستکردنی وشەی بێ بنەما ئەم ڕاستییە ناگۆڕێت.

وتەبێژی دەزگای سیاسەتی دەرەوەی ئێران جەختی کرد: مرۆڤ بۆ بەدەستهێنانی دۆستایەتیی کەسانی دیکە، نابێت لە سەرمایەی دەوڵەمەندی هاوپشتیی مێژوویی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە خەرج بکات.

سەرپەیڤ