کانونی دوھەم 29, 2023 06:52 Asia/Tehran
  • ناوەندێکی وەزارەتی بەرگری لە ئیسفەهان بوو بە ئامانجی هێرشێکی ناسەرکەوتوو

وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کرد: ئێوارەی ڕۆژی شەممە کۆمەڵەیەکی وەرشەی سەربە وەزارەتی بەرگری لە شاری ئیسفەهان کەوتە بەر پەلاماری ھێندێک وردە خۆفڕ کە یەکێکیان بە ھۆی چەکە دژەئاسمانییەکانەوە پێکراو دووانی دیکەشیان کەوتنە داوی بەرگریکارانەوەو ھەر بە ئاسمانەوە تەقینەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئێران پرێس، دوابەدوای ڕوودانی تەقینەوە لە یەکێک لە پیشەسازییەکانی بەرگری لە ئیسفەهان، وەزارەتی بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەم هێرشە ناسەرکەوتووە  ئێوارەی ڕۆژی شەممە ھەشتەمی ڕێبەندان کاتژمێر 23:30، ڕووی داوە ،  کە ھەڵبەت لە سای تەگبیرو ڕێوشوێنی بەرگریکارانە لە دژی هێرشی وردەخۆفڕەکان بە سەرکەوتوویی بەرپەرچ دراونەتەوە.

ئەم بەیاننامەیە دەشڵێت: ئەم هێرشە ناسەرکەوتووە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، ئەوە نەبێ چەند درزێکی لە میچی وەرشەکە بەدی ھێناوە، کە بە فەزڵی خودا نەبووەتە هۆی پەککەوتنی ئامێر و ئەرکەکانی ئەو پێکھاتەیە.

وەزارەتی بەرگری و پشتیوانیی هێزەچەکدارەکان گەلی بەشەرەفی ئێرانی ئیسلامیی لەوە دڵنیا کردووەتەوە کە چالاکیی ناوەندەکانی ئەم وەزارەتخانەیە بۆ بەرهەمهێنانی دەسەڵات و ئاسایش بە خێرایی و بەبڕشتانە بەردەوام دەبێت و  کردەوەی ئاوا دەست نەپارێزانەش کاریگەریی لەسەر ڕەوتی پێشکەوتنی وڵات نابێت.

سەرپەیڤ