شوبات 06, 2023 18:21 Asia/Tehran
  •  کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران: ٦ تیمی فریاگوزاری و پزیشکیی ڕەوانەی تورکیا کران

جێگری سەرۆکی کاروباری نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران ناردنی ٦ تیمی فریاکەوتن و پزیشکیی بۆ تورکیا ڕاگەیاند.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا،«بیهنام سەعیدی» جێگری سەرۆکی کاروباری نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران وتیشی: دوای ڕوودانی بوومەلەرزەکەی وڵاتانی دراوسێ، «پیرحسێن کولیوەند» سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران پەیامێکی ئاراستەی هەردوو وڵاتی تورکیا و سوریا کرد و وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و پەرۆشی،ئامادەیی ئەم  پێکھاتەیەی بۆ ناردنی تیمی فریاگوزاری و چارەسەرکردن لە ئاراستەی ڕەچاوکردنی ئامانجەکانی پێکھاتەکەیان واتە پشتیوانی لە ژیان و تەندروستیی مرۆڤ بەبێ گوێدانە جیاوازی،هەوڵدان بۆ پتەوکردنەوەی دۆستایەتی و ساڕێژکردنی برینی مرۆڤایەتی ڕاگەیاند.

بە وتەی سەعیدی، ئەرکی ناردنی تیمی فریاگوزاری و پزیشکی بۆ ناوچە بوومەلەرزە بەرکەوتووەکان لە کەمترین ماوەدا لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئێران ھاواھەنگ کراوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە (٦ی فڤریە) بوومەلەرزەیەکی بەهێز باشووری تورکیا و باکوری سوریای هەژاند. لە ڕەوتی ئەم بوومەلەرزە ٧.٨ ڕێختەرییەدا، زیانێکی قورس لە باڵەخانەکان کەوت و تیمەکانی فریاگوزاری و گەڕان خەریکی لابردنی داروپەردووەکان و ڕزگارکردنی ئەو کەسانەن کە لە ژێر کەلاوەکاندا گیریان خواردووە.

ھەتا چرکەساتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ژمارەی ئەو کەسانەی لە تورکیا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە زیاتر لە ١٠٠٠ کەس و وەزارەتی تەندروستیی سوریاش ڕایگەیاندووە کە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەی ئەم وڵاتە گیانیان لەدەستداوە بۆ ٤٠٣ کەس ھەڵکشاوە.

سەرپەیڤ