ئێران و عێراق لەسەر دەرکردنی پاسپۆرتی تایبەتی ئەربەعین ڕێککەوتن
جێگری ئاسایشتی و ئینتیزامیی وەزارەتی نێوخۆی ئێران باسی ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراقی کرد بۆ دەرکردنی پاسپۆرتی تایبەتی ئەربەعینی حسێنی .
بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «سەیید مەجید میرئەحمەدی» جێگری ئاسایشتی و ئینتیزامیی وەزارەتی نێوخۆی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە، لە پەراوێزی بەرپاکرانی کۆبوونەوەی دووهەمین کارگرووپی هاوبەش سەبارەت بە هاوکارییە ئەمنییەکانی ئێران و عێراق لە شاری مەشهەدی ناوەندی خۆراسانی ڕەزەوی لە باکووری ڕۆژھەڵاتی ئێران وتیشی: لەگەڵ شاندی باڵای وڵاتی عێراق لە بوارە جیاوازەکاندا ڕێککەوتن کراوە، لەوانە ئەربەعینی حسێنی(ع).
میرئەحمەدی وتیشی: بەپێی ڕێککەوتنە نوێیەکەی نێوان ئێران و عێراق، بنکەیەکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەسەر پرسی ئەربەعین پێکدەهێنرێت و کۆبوونەوەکانی بە شێوەی ناوبەناو بۆ چارەسەرکردن و پلاندانان لەمەڕ کێشەکانی پەیوەست بە زیارەتکارانی تا گەییشتن بە ڕۆژانی مانگی سەفەر بەردەوام دەبێت.
جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران هەروەها سەبارەت بەو زیارەتکارە پاکستانیانەش کە نەیانتوانیوە لە سنووری وشکانییەوە بچنە ناو عێراقەوە وتی: ڕێککەوتن لە سەر ئەوە کراوە کە زیارەتکارانی پاکستانی بتوانن بە شێوەی کاروانێک لە ڕێگەی ئەو سنوورە دیاریکراوانەوە بچنە ناو عێراقەوەو پاشان ھەربە شێوەی کاروان ھەمیسان لە عێراقەوە بێنەوە بۆنێو خاکی ئێران.
هەروەها «مەهدی عەلی هادی ئەلفەکیکی» ڕاوێژکاری وەزیری نێوخۆی عێراق و بەرپرسی بنکەی ئەربەعینی ئەم وڵاتەش ڕایگەیاند: لە سەر بنەمای لێکگەییننامەکانی پێشوو لەگەڵ ئێران، سەبارەت بە پرسە سنوورییەکانی دوو وڵات، جێگیر بوون و بە تایبەت هەماهەنگی زیاتر بۆ بەرپاکردنی ئەربەعینی حسێنی (ع) ھاوکاریی پێویست دەکرێت.