شوبات 18, 2023 14:04 Asia/Tehran
  • ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی: هۆکاری سەرەکیی ئێران ترسێن کردن، پشتیوانیی ڕاشکاوانە و بێباکانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە فەلەستینە

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی وتی: نیزامی ئیسلامی ڕووگیری کەس نابێت و لەگەڵ ئەوەی بە ئاشکرا پشتیوانی و بەرگری لە نەتەوەی فەلەستین دەکات، بە هەر شێوەیەکیش کە پێی بکرێت، بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانیان.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامنەیی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ڕۆژی شەممە، لە دیدارێکدا لەگەڵ بەرپرسانی نیزام و نوێنەر و باڵوێزی وڵاتانی ئیسلامی و میوانان و بەشداربووانی پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکانی قورئان بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی ھەڵبژێردرانی پێغەمبەرەوە، وێڕای ئاماژە کردن بە ھەڵوێستی ڕاشکاوانەو ئاشکرای کۆماری ئیسلامی لە پشتیوانی کردنی چەوساوەکانی فەلەستین ، فەرمووی: بەداخەوە ئەو حکومەتانەی کە بۆخۆشیان لەسەریانە داکۆکی لە گەلی فەلەستین بکەن، کەچی لەگەڵ ئێران ترسێن کردنی دوژمنانی ئیسلام دەبن بە ھاودەنگ و ھاوتەریب.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی پرسی فەلەستینی بە یەکێک لە خاڵە لاوازو برینە قوڵەکانی ئوممەتی ئیسلامی زانی و وتی: گەلێک و وڵاتێک بەبەر چاوی ئەبڵەق بووی جیهانی ئیسلامەوە هەموو ڕۆژێک ڕووبەڕووی ستەمی بێکۆتایی ڕژێمێکی دڕندە و چەپەڵ و سەرەڕۆ دەبێتەوەو کەچی وڵاتانی ئیسلامی بەو هەموو سامان و توانا و بارستاییە تەنیا سەیر دەکەن و تەنانەت بەشێک لەو وڵاتانە بەتایبەت لەم دواییانەدا ھاوڕێیەتیی ئەم ڕژێمە خوێنمژە دەکەن.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی جەختی کرد: دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە ئەمریکا و فەرەنسا و چەند وڵاتێکی دیکە بە بانگەشەی چارەسەرکردنی کێشەی موسڵمانان، مافی ئەوە بە خۆیان دەدەن کە دەستوەردان لە جیهانی ئیسلامدا بکەن، لە کاتێکدا خۆیان بێدەسەڵاتن و توانای چارەسەرکردنی کێشەکان و بەڕێوەبردنی وڵاتانی خۆشیان نییە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی جەختی لەوەش کردەوە: ئەگەر هەر لە یەکەم ڕۆژەوە حکومەتە ئیسلامییەکان گوێیان لە قسەی خێرخوازان و لەوانەش زانایانی گەورەی نەجەف گرتاباو بە توندی لە دژی ڕژێمی داگیرکەر ڕاوەستابایەن، ئەمڕۆ بە دڵنیاییەوە بارودۆخی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا جیاوازترو ئومەتی ئیسلامیش لە زۆر ڕووەوە یەکگرتووتر و بەهێزتر بوو.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی هەروەها گەڕانەوە بۆ فێرکارییەکانی پێغەمبەری سەردارو یەکڕیزی و هاوسۆزیی گەلانی موسڵمان و هاوکاریی ڕاستەقینە و _نەک ڕووکەشانە_ی دەوڵەتانی ئیسلامیی بە چارەسەریی هەموو کێشەکانی ئومەتی ئیسلامی ناو بردو وێڕای داخ و مەخابن دەربڕینی دووبارە بۆ بوومەلەرزە بەربڵاوەکەی ئەم دواییەی تورکیاو سووریا کە قوربانی و لێکەوتەی زۆری لێ بەجێ ماوە،وتیشی: گرینگایەتیی کێشەگەلێکی سیاسیی وەک فەلەستین و دەستوەردانەکانی ئەمریکا لە ھەر ھەل و مەرجێکدا دەبێ لە بەرچاوی ئوممەتی ئیسلامی بێت و ئاگایان لێی بێت.

سەرپەیڤ