شوبات 22, 2023 14:40 Asia/Tehran
  • بایکۆتی ژمارەیەک لە کەسایەتی و دامەزراوەکانی یەکێتی ئەوروپاو ئینگلتەرا لەلایەن ئێرانەوە

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە،بایکۆتی بەسەر ١٣ دامەزراوەو ١٥ کەس لە یەکێتیی ئەورووپا و ٨ بەرپرسی بەریتانی دا سەپاند.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس، لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هاتووە؛ ئەم وەزارەتخانەیە وەک ھەنگاوێکی بەرامبەر، ژمارەیەک کەس و دامەزراوەی لە یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا بەهۆی پشتیوانیکردن لە تیرۆر و گروپە تیرۆریستییەکان،هاندان و ئانتریک کردن بۆ کردەوەی تیرۆریستی و توندوتیژی دژ بە خەڵکی ئێران، دەستوەردان لە کاروباری کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەرە پێ دانی درۆودەلەسەو بڵاو کردنەوەی زانیاریی ناڕاست لە بارەی ئێران و بەشداری کردن لە توندکردنەوەی بایکۆتی ستەمکارانەی دژی بە جەماوەری ئێران کە بە واتای تیرۆریزمی ئابوورییە، بایکۆت کردووە.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای شەرمەزارکردنی کردەوەکانی یەکێتیی ئەورووپاو ڕژێمی بەریتانیا لەمەڕ پاڵپشتی و ئاسانکاری و هەروەها خۆبەدوورگرتن لە ڕووبەڕووبوونەوەی کردەوەی تێکدەرانەی ئەو کەس و دامەزراوە ئاماژەپێکراوانەی کە دیارە ئەمەش پێشێلکردنی ئەرکە نێودەوڵەتییەکان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دێتە ئەژمار، ڕایدەگەیەنێت کە ئەو کردەوانەیان لەمەڕ سەپاندن و چڕکردنەوەی سزای دڕندانە پێشێلکردنی ڕوونی بنەما سەرەکییەکانی مافی نێودەوڵەتییە کە لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە.

لەم بەیاننامەکەدا ھەروەھا ھاتووە: تێکڕای دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەپێی پەسەند کراوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان،ڕێوشوێنی پێویست، لەوانە قەدەغەکردنی پێدانی ڤیزەو مۆڵەت نەدانی ھاتنە نێو خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بلۆک کرانی ھەژمارە بانکییەکان لە سیستێمی دراڤی و بانکی و دەست گیران بە سەر ماڵ و سامانیان لە قەڵەمڕەوی ژێر ڕکێفی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ئاراستەی ڕاپەڕاندنی ئەم بایکۆتانە ڕەچاو دەکەن.

سەرپەیڤ