ئادار 12, 2023 18:54 Asia/Tehran
  • جبللی: ئێران لەبەردەم شەڕێکی ئابووری و ناسیاری دایە

«جبللی» سەرۆکی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێوڕەسمی کۆتایی یەکەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە میدیاییەکانی بەشی دەرەوەی سنووریی ئەم ڕێکخراوەیە، شەڕی ناسیاری و ئاژاوەی سێ مانگەی بە بیانووی پێگەو کەرامەتی ژنان لە وەرزی پاییزدا بە شەڕێکی تێکەڵاو لەدژی وڵات زانی.

ڕێوڕەسمی کۆتایی فستیڤاڵی "سوبح _ بەیان" ئەمڕۆ یەکشەممە لە ھۆڵی کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکانی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران بە ئامادەبوونی بەشێک لە بەرپرسانی باڵای حکومەتی و میدیایی بەڕێوەچوو.

دروشمی ئەم فێستیڤاڵە "یەک بنەماڵە، یەک ئامانج" و مەبەست لە بەڕێوەچوونیشی پشتیوانی کردن لە بیرۆکەکانی بەرهەمهێنانی بەرنامەی جۆراوجۆر بۆ پشتیوانی لە گەلی فەلەستین بوو.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئێران پرێس، «پەیمان جبللی» سەرۆکی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم ڕێوڕەسمەدا ڕایگەیاند کە کەناڵە فارسی زمانە نەیارەکان لە هەوڵی لەناوبردنی کولتوور و بیروباوەڕ و داب و نەریتی نەتەوەی ئێرانن و ئەم شەڕە فەرهەنگییەش سەرەتا بە شەڕی سەربازیی سەدام دژی ئێران و پشتیوانیی سەربازیی ڕۆژئاوا لە سەدام دەستی پێ کرد.

سەرۆکی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەکارهێنانی تواناکانی بە کلیلی سەرکەوتن لە پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی دوژمنان ناوبرد.

«جبللی» هەوڵەکانی عەرەبستان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و هەروەها پەیامی بەرپرسانی ئەمریکا بۆ کۆتایی هێنان بە دانوستانە ئەتۆمییەکانی بە بەڵگەیەکی دیکەی سەرکەوتنی ئێران لەم شەڕە تێکەڵاوەدا زانی کە وڵاتانی ناچار کردووە ھەڵس و کەوتیان لەگەڵ ئێران ھەبێت.

سەرۆکی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران خوازیاری یەکانگیرکردنی تواناکان و کەڵک وەرگرتن لە پلانی داهێنەرانە بوو بە مەبەستی دروستکردنی ڕەوتی میدیایی کاریگەر لە بەشی دەرەوەی سنووریی ئەم ڕێکخراوەیەو ڕایگەیاند کە، پێگەییشتنی میدیایی لە بەشی دەرەوەی سنووریی ڕێکخراوەی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران ڕۆڵێکی بەرجەستەی ھەیە لە بەکارهێنانی تواناکانی میدیا بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانگێڕییە کولتوورییەکانی دوژمنان.

سەرپەیڤ