وتووێژی نێوان وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عەرەبستان لەسەر پێداچوونەوە بە دوایین دۆخی ڕێککەوتنی دوو لایەنە
«حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران و «فەیسەڵ بن فەرحان» وەزیری دەرەوەی عەرەبستان ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، دوایین دۆخی ڕێککەوتنی دوو قۆڵی و کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی دوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا لایەنەکان سەبارەت بە کۆبوونەوەی هاوبەشی دوو قۆڵی لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا گفتوگۆیان کرد و بیروڕایان گۆڕییەوە.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ھەروەھا ڕەوتی بنیاتنەرو ئەرێنیی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتیش خرایە بەر سەرنجی وەزیرانی کاروباری دەرەوەی ھەردووک وڵاتی ئێران و عەرەبستان.
لە میانەی وتووێژەکانی نێوان ئێران و عەرەبستان لە پەکین، دوو وڵات لە ١٠ی مارس دا ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان دوای ٧ ساڵ.
پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستان وەک دوو وڵاتی کاریگەرو گرنگی جیهانی ئیسلام لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا، دەتوانێ بنەمای دروستکردنی ڕەوتێکی نوێ و ڕۆڵگێڕانی زیاتر لە خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتان و گەلانی ناوچەکە بێت.