ئادار 30, 2023 06:18 Asia/Tehran
  • وەزیری دەرەوەی ئێران: هەر گۆڕانکارییەک لە ژیۆپۆلتیکی ناوچەکەدا ڕەت دەکرێتەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی؛ هەر گۆڕانکارییەک لە ژیۆپۆلتیکی ناوچەکەدا بە هەر پاساوێکەوە ڕەت دەکرێتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا، «حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ «سێرگێئی لاڤرۆڤ» وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتیشی: گرنگییەکی تایبەت بە پێشهاتەکانی ئێستای قەفقاز درا، چونکە بەردەوامیی گرژیەکان لەم ناوچەیەدا لە بەرژەوەندیی هیچ کام لە وڵاتانی کۆماری ئازەربایجان و ئەرمینیا نییەو ئاسایش لەم ناوچەیەدا بە قازانجی ئاشتی و سەقامگیری و ھێمنایەتیی هەموو ناوچەکەیە.

«ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» بە دەربڕینی ئەمەی کە هەوڵدان بۆ گۆڕانکاریی ژیۆپۆلتیکی لە ناوچەکەدا دەبێتە فاکتەرێک بۆ ئاڵۆزترکردنی دۆخی ناوچەکە، ڕوونیشی کردەوە کە، پێویستە کێشەکانی ناوچەکە بە دیالۆگ و وتووێژی سیاسیی لایەنە جیاوازەکان چارەسەر بکرێن.

سەرۆکی دەزگای سیاسەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا بەتایبەت لەماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردووش دا وتی: پێشکەوتنی باش بەدی هاتووە و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان دوو وڵات بۆ زیاتر لە سێ و نیو ھێندە ھەڵکشاوە.

«ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» هەروەها سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تورکیا و سوریا وتیشی: حەوتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیری دەرەوەی چوار وڵاتی (ئێران، ڕووسیا، تورکیا و سوریا) بەڕێوەدەچێت، کە ئامانجیان لێک نزیک کردنەوەی بۆچوونەکانی تورکیا و سوریا لە یەکترە.

وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها پشتیوانیی لە بیرۆکەی سەرۆک کۆماری چین سەبارەت بە ئاشتی و ئاسایشی جیهانی کرد و وتیشی: ئێران پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکات کە ببێتە هۆی ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام لە ناوچەکە و لە ئاستی جیهاندا.

سەرۆکی دەزگای سیاسەتی دەرەوەی ئێران هەروەها سەبارەت بە بوژانەوەی پەیوەندییەکانی تاران و ڕیازیش وتی، بەم نزیکانە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عەرەبستان کۆدەبێتەوە و باس لە گەڕانەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و کردنەوەی باڵیۆزخانەکان دەکات.

«حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە بە سەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی مۆسکۆی کرد.

سەرپەیڤ