نیسان 04, 2023 22:59 Asia/Tehran
  • ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی: گۆڕانکارییە سیاسییەکانی جیهان بە ئاراستەی لاواز بوونی بەرەی دوژمنانی کۆماری ئیسلامی دەڕواتە پێشەوە

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی جیهانی بە زۆر خێراو ھاوکات بە ئاراستەی لاواز بوونی بەرەی دوژمنانی کۆماری ئیسلامی زانی و وتی: بۆ قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە، سیاسەتی دەرەوە دەبێ چالاکی و داھێنان و دەستپێشخەرییەکانی خۆی پەرە پێ بدات.

حەزرەتی «ئایەتوڵڵا خامنەیی» ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە لە دیدارێکدا لەگەڵ بەرپرسان و کارگێڕانی نیزام، بۆ ڕوونکردنەوەی نیشانەکانی لاوازبوونی بەرەی دژە ئێران لە ڕێکمەندیی نوێی جیهانی داهاتوودا، وتی: ئەو دوو جەمسەرییەی دروست بووە لە هەڵبژاردنەکانی دوو سێ ساڵ لەمەوبەری ئەمریکا هێشتاش وەک خۆی ماوەتەوە.

بەڕێزی تیشکی خستە سەر نیشانەکانی لاوازیی ئەمریکاو وتی: ئەمریکا شەڕی ئۆکرانیای ھەڵخڕاند، بەڵام ئەم شەڕە بووەتە هۆی ئەوەی دروست بوونی مەودای نێوان ئەم وڵاتە و هاوپەیمانە ئەوروپیەکانی کە لە ڕاستیدا قوربانیی شەڕەکەن، بەڵام ئەمە ئەمریکایە کە سوودی لێ وەردەگرێت.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی سەبارەت بە ڕژێمی زایۆنی کە دوژمنێکی دیکەی کۆماری ئیسلامییە، بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم ڕژیمە لە ماوەی ٧٥ ساڵەی تەمەنیدا قەت وەکو ئەمڕۆ لە دۆخێکی خراپدا نەبووە، نیشانەگەلێکی وەک پاشاگەردانی و دۆخی ڕوو لە ڕووخانی ئەم ڕژێمەی وەک نمونە ھێنایەوەو وتیشی: ڕژێمی زایۆنی توشیاری ناپاوەجێیی سیاسییەو لە ماوەی چوار ساڵدا چوار سەرۆک وەزیرانی گۆڕیوە. هاوپەیمانییە حزبییەکان تێیدا پێش لە دروست بوون هەڵدەوەشێنەوە. لە سەرانسەری ڕژێمی ساختەی زایونی دا دووبەرەکییەکی توند لە ئارادایە کە خۆپیشاندانی سەدان هەزار کەس لە هەندێک شاردا نیشانەیەکی بەرچاویەتی و ناتوانرێت قەرەبووی ئەم لاوازییانە بە ھاویشتنی چەند موشەکێک بکەنەوە.

حەزرەتی «ئایەتوڵڵا خامنەیی» ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی وێڕای ئاماژەدان بە بڵاوبوونەوەی ھێندێک بابەتی ھاوپەیوەند بەوەی کە بەم زووانە ژمارەی ئەو کەسانەی ئیسرائیل بەجێ دەهێڵن دەگاتە دوو ملیۆن کەس،هۆشدارییە یەک لە دوای یەکەکانی دەسەڵاتدارانی زایۆنیی سەبارەت بە نزیک بوونەوەی کاتی ڕووخانی ئەم ڕژێمەی بە نیشانەیەکی دیکەی لاوازبوونی زایۆنییەکان زانی.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە بەشێکی تری قسەکانیاندا باسی پیلانگێڕییەکانی دوژمنان بۆ نێوخۆی وڵاتی کردو وتیشی: ھێندێک پیلان بۆ نێوخۆی وڵات لە ئارادا بووەو دەشبێت کە ئاژاوەگێڕییەکانی ساڵی ڕابردوو بە بیانووی پرسی ئافرەتان و بە پشتیوانیی دەزگا سیخوڕییەکانی ڕۆژئاوا، لەو نمونانە بوون.

بەڕێزی بە ئاماژەدان بە دۆخی دڵتەزێن و ناھێمنی ئافرەتان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، جەختی لەوە کردەوە کە؛ کۆمەڵێک وڵات، کە لە هەندێکیاندا ژنان، بە پێی دانپێدانانی خۆیان،لە شەقام و کامپ و لەنێو لەشکرییەکانیش دا هیچ دەستەبەرو ئاسایشێکیان نییەو تەنانەت بۆ نموونە ژنێکی موسڵمانی باڵاپۆش کە سەردانی دادگا دەکات بۆ تۆمارکردنی سکاڵا، بە زەبرێکی سکاڵالێکراوەکەی دەکوژرێت و شەهید دەبێت، لە ئێستادا ھەڕەشەوگوڕەشە لە کۆماری ئیسلامی دەکەن کە بەرزترین کەرامەت بە ژنان دەبەخشێت.

«ئایەتوڵڵا خامنەیی» سەبارەت بە ھەڵفریوانی ژمارەیەک کەس لە ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردووش وتی: کۆمەڵێک لە ناوخۆدا کە زۆربەشیان فریو درا بوون ، بە پەیڕەوی لە دوژمنی بیانی و خۆفرۆشانی دەرەوەی وڵات، دروشمی ئازادیی ژنیان بەرزکردەوە کە لەبری قسەکردنی گونجاوو بەڵگەھێنانەوەی لۆژیکانە، بە شەقاوەگەری و سەرەڕۆییەوە تێوەگلان.

بەڕێزی وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە زۆرێک لەوانەی سەرپۆش فڕێ دەدەن، ئاگایان لە هاندەرانی پشت پەردەی ئەم کارە ، واتە دەزگا سیخوڕیەکانی دوژمن نییە، وتیشی:ئەگەر بزانن کێ و چ دامەزراوەگەلێک لە پشت پەردەی سەرپۆش فڕێ دان و بەرنگار بوونەوەی باڵاپۆشن، دیارە ئەو کارە ناکەن ، چونکو زۆرێکیان ئەھلی دین و خوداناسی و مانگی ڕەمەزان و دۆعاونزاشن.

حەزرەتی «ئایەتوڵڵا خامنەیی» وتیشی؛ ئەم پرسە بە دڵنیاییەوە چارەسەر دەبێت وەک چۆن لە حەوتەکانی یەکەمی شۆڕشدا ئیمامی بەڕێز بە شێوەیەکی ھەرەقەتی و بێ سێ و دوو پرسی حیجاب و باڵاپۆشیی ھێنایە ئاراوە.

سەرپەیڤ