نیسان 11, 2023 21:32 Asia/Tehran
  • کرانەوەی باڵوێزخانەی ئێران لە ڕیاز پێش دەست پێ بوونی حەجج

بەڕێوەبەری گشتیی کەنداوی فارس لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: هەوڵی تاران بۆ ئەوەیە کە ھەتا بەرلە گەییشتنی ڕێ و ڕەسمی حەجج باڵوێزخانەی ئێران لە ڕیاز و کونسوڵخانەی گشتیی تاران لە جددە بکرێتەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستان بە نێوەندگیریی چین ڕێککەوتن بۆ بووژاندنەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییە دیپلۆماسییەکانیان دوای حەوت ساڵ.

دوابەدوای ئەم ڕێککەوتنە، «حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە پەکین لەگەڵ "فەیسەڵ بن فەرحان" وەزیری دەرەوەی عەرەبستان کۆبووەوە و گفتوگۆی کرد.

لەم پێوەندییەداو بە پێی ڕاپۆرتی ئێران پرێس ڕۆژی سێشەممە، "عەلیرەزا عینایەتی"، بەڕێوەبەری گشتیی بەشی کەنداوی فارسی سەربە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەبارەت بە کردنەوەی باڵوێزخانەی ئێران لە عەرەبستان و کونسوڵخانەی گشتیی تاران لە جددە، وتی: دوو شاندی جیاواز لە ئێرانەوە بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی ئێران سەردانی ڕیاز و جددە دەکەن.

عینایەتی وتیشی: پێش گەییشتنی نەریتی حەجج، باڵیۆزخانەی ئێران لە ڕیازو کونسوڵخانەی گشتیی تاران لە جددە دەکرێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی بەشی کەنداوی فارسی سەربە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها سەبارەت بە ئامادە بوونی دووبارەی هاووڵاتیانی ئێرانی لە " عومرەی موفرەدە" وتی: دوای حەجج، مەرجەکانی بەشداریی هاووڵاتیانی ئێرانی لە عومرەی موفەردەش دابین دەکرێت.

سەرپەیڤ