نیسان 12, 2023 16:04 Asia/Tehran
  • هەوڵدان بۆ کردنەوەی باڵوێزخانەی ئێران لە عەرەبستان ھەتا بەرلە دەستپێکرانی ئاھەنگی حەجج

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ڕاگەیاندنی چوونی شاندی ئێران بۆ عەرەبستان بۆ کردنەوەی باڵوێزخانە و کونسوڵخانەی گشتیی ئێران وتی: هەوڵ دەدرێت بەر لە حەججی ئەمساڵ باڵوێزخانەکانی ئێران بکرێنەوە و کارا ببن.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ «ناسر کەنعانی چافی» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە سەبارەت بە چوونی شاندەکەی ئێران بۆ عەرەبستان ڕایگەیاند: لە هەنگاوێکی نوێ و هاوتەریب لەگەڵ جێبەجێکرانی ڕێککەوتنەکەی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستان بۆ دەستپێکردنەوەی فەرمیانەی پەیوەندییەکان و چالاکییە دیپلۆماسییەکانی نوێنەرانی سیاسی و کونسوڵگەریی دوو وڵات ، ئەمڕۆ (چوارشەممە) شاندی تەکنیکیی ئێران گەییشتە ڕیاز و لەلایەن بەرپرسانی عەرەبستانەوە پێشوازیی لێکرا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی: شاندەکەی ئێران له دوو گروپی کاری له ڕیازو جەدده ڕێوشوێنی پێویست بۆ کردنەوەی باڵوێزخانه و کونسوڵخانەی گشتی و هەروەھا کارا کردنی نوێنەرایەتیی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوەی هاوکاریی ئیسلامی دەگرێتەبەر.

«کەنعانی چافی» وتیشی:هەوڵ دەدرێت نوێنەرایەتییەکانی ئێران ھەتاپێش حەججی ئەمساڵ بکرێنەوە کارا بکرێن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها ڕاشیگەیاند: شاندە تەکنیکیەکەی عەرەبستانی سعودی کە ڕۆژی شەممە سەردانی ئێرانی کردبوو، سبەی بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەم وڵاتە بەرەو مەشهەد بەڕێدەکەوێت.

سەرپەیڤ