May 01, 2023 17:58 Asia/Tehran
  • جەختکردنەوەی شەمخانی لەسەر کاراکردنی میکانیزمی (ڕیال - ڕوپیە) لە کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی سەرۆکوەزیرانی هیندستان

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران جەختی لە چالاککردنی میکانیزمی (ڕیال - ڕوپیە) لە لە ئاڵووێزە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و هیندستان کردەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس، «عەلی شەمخانی» سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە تاران چاوی بە «ئاجیت دووئال» ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی سەرۆک وەزیرانی هیندستان کەوت و  لە میانەی چاوپێکەوتنەکەدا وێڕای  ڕاگەیاندنی ئەمەی کە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات کاریگەری ئیرادەی لایەنی سێیەمیان لەسەر نییە و دژی هیچ لایەنێک نین، خوازیاری کاراکردنی میکانیزمی «ڕیاڵ - ڕوپیە) بوو لە ئاڵووێرە ئابوورییەکانی نێوان دوو وڵات.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران ڕاشیگەیاند: هاوبەشییە شارستانی، مێژوویی و کولتوورییە ڕەگداکوتاوەکان، ئیرادەی ڕێبەرانی دوو وڵات و هەروەها سەربەخۆیی ستراتیژیی ئێران و هیندستان، بەستێنی سەرەکیی ڕەوتی پەرەپێدانی هاوکاری دوولایەنەن.

شەمخانی وتیشی: پێشهاتە جیهانی و ناوچەییەکان هەلومەرجی زۆر گونجاوی بۆ بەهێزکردنی کارلێکەکانی نێوان دوو وڵات لە بوارەکانی وزە، گواستنەوە و ترانزێت، تەکنۆلۆژیا و بانکیی نێوان ئێران و هیندستان ڕەخساندووە.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی سەرۆک وەزیرانی هیندستانیش ھەر لە چاوپێکەوتنەکەدا کاریگەریی جددی کولتووری ئێرانی لە سەر ژیانی ڕۆژانەی گەلی هیندستانی بە نیشانەی پەیوەندییە قوڵەکانی نێوان ئەو دوو نەتەوەیە زانی  کە ڕەنگە لە ئاستی ناوچەکەدا نمونەیەکی دیکەی لەوجۆرە بەدی نەکرێت.

«ئاجیت دووئال» وتیشی: پێویستە وڵاتانی سەربەخۆ خۆیان بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی ناوچەیی ئامادە بکەن و ڕۆڵێکی نێودەوڵەتیی کاریگەر بگێڕن بە داننان بە تایبەتمەندییەکانی پێشهاتە جیهانییە نوێیەکان و لە هەمان کاتدا توانا ناوخۆییەکانیان بەهێز بکەن.

سەرپەیڤ