May 10, 2023 16:17 Asia/Tehran
  • پارێزگاری کوردستان: دەبێ کەسایەتییە ناودارەکانی کوردستان لە میدیای نیشتمانیدا بناسێندرێن

پارێزگاری کوردستان وتیشی: سەرزەوینی پڕ لە شانازیی ئەم پارێزگایە لانکی هونەرمەندان و کەسایەتییە بەناوبانگە فەرهەنگی و مێژووییەکانە کە دیارە دەبێ لە میدیای نیشتمانیدا بناسێندرێن.

«ئیسماعیل زارعی کۆشا» شەوی چوارشەممە لە دیداری بەڕێوەبەرانی باڵای ئەم پارێزگایە لەگەڵ سەرۆکی ڕێکخراوی ڕادیۆوتەلەفزیۆنی ئێران لە شاری سنە وتی: لە کوردستاندا توانای زۆر باش هەیە کە بە هۆکاری جۆراوجۆر لەسەر ئاستی وڵات نەخراوەتە ڕوو.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئەگەر خەڵک شانازی و تواناکانی خۆیان لە میدیای نیشتمانیدا ببینن، ئەوە بەدڵنیاییەوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ دروستکردنی هاودەنگی و پتەوکردنی یەکێتی و یەکگرتوویی نیشتمانی.

پارێزگاری کوردستان وتیشی: کورد ڕەسەنترین تیرەی ئێرانە کە لە گۆڕەپان و سەردەمی جۆربەجۆردا دڵسۆزیی خۆی سەلماندووە و ئەمڕۆش هەر کوردێک لە هەر شوێنێکی جیهاندا بێت خۆی بە ئێرانی دەزانێت.

«زارعی کۆشا» جەختی لەوەش کردەوە: وەک خزمەتکارێکی خەڵک، ئامادەم هەر هاوکاری و هاریکارییەک پێشکەش بکەم بۆ پێشخستنی ئامانجە ستراتیژییەکانی ڕادیۆو تەلەفزیۆن لە  پارێزگاکەماندا.

سەرۆکی ڕێکخراوەی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە گەییشتە شاری سنە و بە دەم گەییشتنی بەم شارە بە هاوڕێ لەگەڵ پارێزگاری کوردستان گڵکۆی شەھیدانی نەناسراوی ڕادیۆو تەلەفزیۆنیان بەسەر کردەوەو ڕێزیان لە پلەی بەرزی شەھیدان گرت.

«پەیمان جبللی» سەرۆکی ڕێکخراوەی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران لە میانەی گەشتەکەیدا بۆ پارێزگای کوردستان، لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدی مەزن«تاهیر مەجیدیان» لە پاسدارانی کوردی ناوچەکە دیدارو وتووێژی کرد.

سەرپەیڤ