May 16, 2023 14:51 Asia/Tehran
  • دەریاوان ئێرانی: مەشقی هاوبەشی نێوان ئێران، چین و ڕووسیا ھەڵگری پەیامێکی گرنگ بوو بۆ دوژمنی هاوبەش

فەرماندەی هێزی دەریایی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە دیدارێکدا لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەی، جەختی لەوە کردەوە کە مانۆڕی هاوبەشی نێوان ئێران، چین و ڕووسیا پەیامێکی گرنگی بۆ دوژمنی هاوبەش پێ بوو.

"ئەدمیرال نیکۆلای یومێنۆڤ"، فەرماندەی هێزی دەریایی ڕووسیا، ڕۆژی دووشەممە، لەگەڵ ئەمیری دەریاوان "شەهرام ئێرانی" فەرماندەی هێزی دەریایی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بارەگای ئەم هێزە کۆبووەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی یانەی پەیامنێرانی لاو، لەم دیدارەدا، دەریاوان ئێرانی ڕایگەیاند کە دوژمن هەوڵدەدات سێکوچکەی ئێران، چین و ڕووسیا سەرقاڵ بکات بۆ ئەوەی نەتوانین هاوکاریی پێویستمان پێکەوە هەبێت و وتیشی: سەرەڕای ئەو هەوڵانە، ئێمە هاوکاری و چالاکیی باشمان پێکەوە هەبووەو ھەشمانەو ئەم پەیوەندی و هاوکارییە دەبێ بەهێزتریش بکرێت.

دەریاوان ئێرانی لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لە پێویستیی پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش و کارلێکی زیاتر لە کەرتە جیاوازەکان بە تایبەت لە بواری پەروەردەیی و تەکنیکیدا کردەوە.

لە درێژەی ئەم دیدارەدا دەریاوان «نیکۆلای یومێنۆڤ»یش وتی: هیوادارم ئەم گەشتە ببێتە ھۆی پەرەسەندنی زیاتری پەیوەندییە دەریاییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

فەرماندەی هێزی دەریایی ڕووسیا جەختی لە گرنگیی پەیوەندیی نێوان هێزی دەریایی دوو وڵات و هاوکاریی باشی نێوان هەردووک هێزەکە کردەوەو ڕاشیگەیاند: نابێت لەم خاڵەدا بوەستین، بەڵکو پێویستە ڕۆژ بە ڕۆژ ئاستی پەیوەندییەکانمان بەرزتر کەینەوە.

سەرپەیڤ