حوزه‌یران 09, 2023 15:28 Asia/Tehran
  • مانگی سووری ئێران ئامادەیی خۆی بۆ ناردنی هاوکاریی مرۆڤی بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند

سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ سەرۆکی خاچی سووری ئۆکرانیا بە ئاماژەدان بە ڕووداوی دڵتەزێنی تێکشکانی بەنداوی «کاخۆڤکا» لە باشووری ئەم وڵاتە، ئامادەیی خۆی بۆ ڕەوانەکردنی تیمەکانی فریاگوزاری و ناردنی هاوکاری مرۆڤی بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا)،«پیرحسێن کۆلیوەند» سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران، لە نامەیەکدا کە ئاراستەی «میکۆلا پۆلیشچوک» سەرۆکی خاچی سووری ئۆکرانیای کردووە، وتووشیەتی: ڕووداوی تەقینەوەی بەنداوی زەبەلاحی کاخۆڤکا لە باشووری ئۆکرانیا بووەتە هۆی ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی گوندەکانی دەوروبەری ناچاربوون شوێنی نیشتەجێبوونیان بەجێبهێڵن و ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە کاریگەریی لەسەر ژیان و تەندروستیی خەڵکی بێ دەرەتنی ئەو شوێنە هەبووە و بووەتە هۆی لێکەوتەیەکی زۆری مرۆڤی و زیانگەیاندن بە ژینگە لەم ناوچەیەدا.

لە نامەکەی سەرۆکی مانگی سووری ئێران بۆ سەرۆکی خاچی سووری ئۆکرانیا هاتووە: بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستە بنەڕەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەسەر بنەمای ڕوانگەیەکی مرۆڤدۆستانە، لەوانەش پاراستنی گیانی خەڵکی بێ دەرەتان و کەمکردنەوەی ئازارەکانیان، کۆمەڵەی مانگی سووری کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک دامەزراوەیەکی مرۆڤی و ئەندامی بزوتنەوەی خاچی سوور و مانگی سووری نێودەوڵەتی، ئامادەیی خۆی بۆ پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەک بۆ خەڵکی زیانلێکەوتووی ئەو وڵاتە و پێشگرتن بە کەوتنە مەترسیی یانی ئەو کەسانە ڕادەگەیەنێت.

کۆلیوەند ڕوونیشی کردەوە: مانگی سووری ئێران ئامادەیە لە کورتترین ماوەدا بە ڕەوانەکردنی ھێزی کارامەو پسپۆڕی فریاکەوتن، کەرەستەی فریاگوزاری و بایۆلۆجیی پێویست بۆ یارمەتیدانی خەڵکی زیانلێکەوتووی ڕووداوەکەی باشووری ئۆکرانیا بۆ ئەو وڵاتە بنێرێ و ھاوکارییان بکات.

ڕۆژی سێشەممە ٦ی جۆزەردان، بەنداوی "نۆڤا کاخۆڤکا" کە لە سەردەمی سۆڤیەتی پێشوو دروستکرابوو و ئاوی بۆ وێستگەی ئەتۆمیی نیمچە دوورگەی کریما دابین دەکرد، تەقیەوە.  بەنداوی بەرفراوانی "نۆڤا کاخۆڤکا" لە باشووری ئۆکرانیا لەسەر ڕووباری «دنیپرۆ» دروستکراوە، کە هێزەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ناوچە شەڕ تێکەوتووەکانی باشووری ئۆکرانیا لێک جیادەکاتەوە.

سەرپەیڤ