حوزه‌یران 22, 2023 09:55 Asia/Tehran

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە پرسی فەلەستین تەوەرەی پرسەکانی جیهانی ئیسلام و ئوممەتی ئیسلامییە، وتیشی: ھەتا زیاتر پێشکەوتن لە پرسی فەلەستین بەدی بهێنرێت، پرسەکانی ئومەتی ئیسلامیش زیاتر پێش دەکەوێت.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، لە دیدارێکدا لەگەڵ «ئیسماعیل هەنیە» سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس و شاندەکەی ھاوڕێی، وێڕای ئاماژە کردن بە جوڵەی ڕووەوپێشەوەی پرسی فەلەستین، هەستی بەرپرسیارێتیی نەوەی گەنج و بڕواداری فەلەستین و خۆ تێگەیاندنی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ و ھاتنیان بۆنێو گۆڕەپانی خەباتی بە بابەتێکی گرینگ زانی و پێی داگرت: ڕووداوەکانی ڕۆژانی ڕابردوو لە «جێنین» و گەمارۆدرانی لەشکریانی زایۆنی لەلایەن گەنجانی فەلەستینیەوە نمونەی بەرچاوی ئەم دیمەنە نوێیەو مزگێنی دەری داهاتوویەکی گەشی ھاوڕێ لەگەڵ سەرکەوتنی تۆکمەوتەواوە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وێڕای ئاماژەدان بە جیاوازیی ئاشکرای بارودۆخی فەلەستین لە چاو دوو یان سێ ساڵ لەمەوبەر، وتیشی: هۆکاری سەرەکیی پەک کەوتنی پرسی فەلەستین لە ساڵانی ڕابردوودا ئامادە نەبوونی گەنجان لەو مەیدانەدا بوو، بەڵام لە ئێستادا گەنجان بە شێوەی خۆڕسک چوونەتە مەیدانەوەو لەوەش گرنگتر پشتیان بە ئیسلام بەستووە.

بەڕێزی وێڕای پێداگرتن لە سەر پرسی یەکڕیزی و هاوئاهەنگیی پتر لە جارانی نێوان گروپە خۆڕاگرەکان، ئاماژەی بەوەش دا کە: لە شەڕی ئەم دواییەی غەززەدا، شاهیدی ئەوە بووین کە دوژمن هەوڵی دروستکردنی ناکۆکی و دووبەرەکیی  لە نێوان گروپەکانی بەرخۆدان و پەرە پێ دانی وەھا کەشوهەوایەکی دەدا کە بە لوتفی خودا سەری نەگرت، ھەر بۆیە وا ھەڵدەگرێت کە زیاتر سەرنجی پرسی یەکڕیزی و هاوئاهەنگی بدرێت و بە هێزەوە ئەم ڕێگا دروستە بەردەوام بکرێت.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی غەززەی بە ناوەندی خۆڕاگری ناوبرد و وتیشی: بەڵام ئەو خاڵەی کە دوژمن بە چۆکدا دێنێ، ناوچەی کەناری ڕۆژئاوایە کە تا ئێستا پێشکەوتنی باشی تێدا بەدی کراوە.

حەزرتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیشی: کێ بۆی دەچوو کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لاوانی فەلەستینی لە جێنین هێندە تەنگ بە هێزەکانی زایۆنی ھەڵچنن کە ناچاربن بۆ دەربازبوون لە گەمارۆی ئەو گەنجە خەباتکارانە فڕۆکەی شەڕکەر بەکاربهێنن، کەچی ئەمە چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە جێنین ڕووی دا.

ناوبراو ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتیی سەرباری تەواوی گوشارەکان بە قازانجی گەلی فەلەستین زانی و جەختی کرد : لە ڕۆژی قودسی ئەمساڵدا، جگە لە وڵاتانی ئیسلامی، تەنانەت لە وڵاتانی ئەوروپاش ڕێپێوانێک بەڕێوەچوو، خەڵکی ئەورووپاش نەیارەتیی خۆیانیان دژی ڕژێمی زایۆنی دەربڕی کە دیارە ئەمە پرسێکی زۆر گرنگەو دەبێ بەهێزتر بکرێت.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی جەختی لە پاڵپشتیی کۆماری ئیسلامی لە پرسی فەلەستین کردەوەو وتی: ئیمام خومەینی (رە) هەر لە سەرەتای بزوتنەوەی ئیسلامییەوە لەسەر بنەمای ئیمان و باوەڕی ناخەکی پشتیوانیی فەلەستینی کردو بنەمای پشتیوانیی کۆماری ئیسلامیش لە فیقھ  و شەریعەتی ئیسلامییەوە سەرچاوە دەگرێ نەک ھەڵس و کەوتی تاکتیکی و یان دیپلۆماسی.

ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیشی: سەرزەوینی فەلەستین هی هەموو موسڵمانانە، بۆیە واجبە هەموو موسڵمانان بۆ ڕزگار کردنی بچنە مەیدانەکەوە و ئەمەش ئەرکێکی شەرعییە.

ھەرلە دیدارەکەدا،«ئیسماعیل هەنیە» سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماسیش، وێڕای ڕێزنان لە کۆماری ئیسلامی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی لە پرسی فەلەستین، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی ناوچە داگیرکراوەکان و بە تایبەت لە کەرتی ڕۆژئاوا پێشکەش کرد و وتی: غەززە دڵی خۆڕاگرییە، بەڵام ئەمڕۆ شەڕی سەرەکی و چارەنووسساز لە کەرتی ڕۆژئاوا لە ئارادایەو سەرەڕای ئەو بڕیارە مەترسیدارانەی کە دوژمنی زایۆنی دەیگرێت، بەڵام بەهۆی باڵادەستیی گەنجانی خەباتکار لە ڕۆژئاوا ، ئەم ڕژێمە بێجگە لە بژاردەی خراپ و خراپتر هیچ بژاردەیەکی دیکەی لە بەردەمدا نییە.

بەڕێزی گرنگترین گۆڕانکاریی لە فەلەستینی داگیرکراودا بۆ پێشوازیی نەوەی گەنج لە خەبات و جیهاد و پێکهێنانی یەکەکانی بەرخۆدانی چەکداری خۆڕسک لە کەرتی ڕۆژئاوا گەڕاندەوەو وتی: هەلومەرجی ئێستا و پێشکەوتنی بەرەی خۆڕاگری لە مێژووی داگیرکرانی فەلەستین دا ناوازەیە.

«ئیسماعیل هەنیە» ڕوو لە ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وتیشی: ئێمە لە بەردەم بەڕێزتاندا جەخت لەوە دەکەینەوە کە تاقمەکانی خۆڕاگری تەنانەت لە بستێکی خاکی فەلەستینیش پاشەکشە ناکەن و ھەڵوێستی خەبات و جیهاد ھەتا ڕزگارکرانی قودس بەردەوام دەبێت و بە فەزڵی خودا و بە هاوکاریی نەوەی گەنج و ئیمانداری فەلەستین مزگەوتی ئەقسا لە داھاتوویەکی نەک ھێندەش  دووردا لەژێر پۆستاڵی داگیرکەران ڕزگاری دەبێت و ھەر ھەموومان ھاوڕێ لەگەڵ بەڕێزتان لەوێ نوێژ دەکەین.

سەرپەیڤ