حوزه‌یران 27, 2023 18:20 Asia/Tehran

  پەیامی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بەیانیی ئەمڕۆ سێ شەممە لە زمان حوججەتولئیسلام وەلموسلمین نەواب، نوێنەری وەلیی فەقیھ لە سارای عەرەفات خوێندرایەوە.

   لە پەیامەکەی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی دا ھاتووە:

                           بسم‌اللّه‌الرّحمن‌الرّحیم

و الحمد للّه ربّ العالمین و صلّی اللّه علی الرّسول الاعظم محمّد المصطفی و آله الطّیّبین و صحبه المنتجبین.

نوێژی ئیبراھیمیی حەجج و بانگێشتنە جیھانییەکەی، جارێکی تر لە ناخی مێژووەوە، تەواوی جیھانی کردە بەردەنگ و دڵە ئامادەو بەھرەمەندو زیکربێژەکانی ھێنایە جۆش و خرۆش. بانگەوازی بانگھێشتکار بۆ تاک بە تاکی مرۆڤایەتییە: «و اَذِّن فِی النّاسِ بِالحَجّ».  ئینجا کەعبە میوانداری موبارەک و  ڕێشاندەری ھەموو مرۆڤەکانە: «اِنَّ اَوَّلَ بَیتٍ وُضِعَ لِلنّاسِ لَلَّذی بِبَکَّةَ مُبارَکاً وَ هُدیً لِلعالَمین». 

کەعبە وەک خاڵی ناوەندی و تەوەرەی  سەرەکیی سەرنجی تاک بە تاکی موسڵمانان و ڕێوڕەسمی حەجج وەک نموونەیەکی بچوک لە پانتایی هەمەچەشنی جیهانی ئیسلامی، دەتوانێت خزمەت بە بەرزبوونەوەی ئاستی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و تەندروستی و ئاسایشتی هەموو مرۆڤەکان بکات. حەج دەتوانێت بەرزبوونەوەی مەعنەوی و ڕۆحی و ئەخلاقی بۆ هەموو مرۆڤایەتی بهێنێت؛ دیارە ئەمەش پێویستیی ژیانی ئەمڕۆی مرۆڤایەتییە. حەج دەتوانێ هەموو ئەو پیلانانەی ئیستیکبارو زایۆنیزم کە ئامانجەکەی ھەڵدێرانی ئەخلاقیی مرۆڤی ئەمڕۆ و سبەینێیە پووچەڵ بکاتەوە و دایمرکێنێتەوە.، مەرجی پێویست بۆ ئەم کاریگەرییە جیهانییەش ئەوەیە کە موسڵمانان، لە یەکەم هەنگاودا، بۆ خۆیان بە ڕێک و پێکی وتاری ژیانبەخشی حەج ببیستن و هەموو هەوڵەکانیان بۆ ڕاپەڕاندنی بەکار بهێنن. ئینجا دوو کۆڵەکەی سەرەکیی ئەم وتارەش «یەکگرتن » و «مەعنەوییەت»ـە.

یەکگرتن و مەعنەوییەت دەستەبەری پێشکەوتنی ماددی و مەعنەویی جیهانی ئیسلام و تیشک بڵاو کردنەوەی لە سەرتاسەری دنیایە، یەکگرتن بە واتای پەیوەندیی ھزری و کردەییە؛ بە واتای لێک نزیک بوونەوەی دڵ و ئەندێشەو ڕوانگەکانە؛ بە واتای ھێزمەندکردنی زانستی و ئەزمونییە؛ بە واتای پەیوەندیی ئابووریی وڵاتانی ئیسلامییە؛ بە واتای متمانە و هاوکاریی حکومەتە موسڵمانەکان؛ واتای هاوپشتی و ھاریکاری لە بەرامبەر دوژمنە ڕەھاو ھاوبەشەکانە.

یەکگرتن بەو مانایەیە کە پیلانە داڕێژراوەکەی دوژمن ناتوانێت فیرقە ئیسلامییەکان ، یان نەتەوە و ڕەگەز و زمان و کولتوورە جۆراوجۆرەکانی جیهانی ئیسلام بە گژ یەکتردا بباتەوە. یەکگرتن بەم واتایەیە کە گەلانی موسڵمان ، نەک لە ڕێگەی ناساندنی ئاژاوەگێڕانەی دوژمنەوە، بەڵکو لە ڕێگەی پەیوەندی و دیالۆگ و هاتووچۆوە یەکتر بناسن؛ ئاگاداری مسۆگەرات و تواناو بارستاییەکانی یەکتر بن و بۆ بەکار ھێنانی بەرنامە دابڕێژن.

یەکگرتن بەم واتایەیە کە زانستوەران و زانکۆکانی جیهانی ئیسلام قۆڵیان لە قۆڵی یەکتر ھەڵپێکن ؛ زانایانی ئایینزا ئیسلامیەکان بە نیازپاکی و لێبوردەیی و ویژدانمەندییەوە سەیری یەکتر بکەن و گوێ لە قسەی یەکتر بگرن؛ نوخبەو بلیمەتان لە ھەر وڵاتێک و لەنێو ھەر ئایینزایەک  خەڵک لەگەڵ خاڵەهاوبەشەکانی یەکتر ئاشنا بکەن و هانیان بدەن بۆ پێکەوە ژیان و برایەتی.

یەکگرتن ھەروەھا بەو واتایەش دێت کە سەرکردە سیاسی و ڕۆشنبیرییەکان لە وڵاتانی ئیسلامیدا، بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ و ھاوتەریب، خۆیان بۆ هەلومەرجی ڕێکمەندیی جیهانیی بەردەم ئامادە بکەن؛ پێگەی شیاوی ئومەتی ئیسلامی لە ئەزمونی نوێی جیهاندا، کە پڕیە لە دەرفەت و هەڕەشە، بە دەستی خۆیان و بە ئیرادەی خۆیان دیاری بکەن؛ نەهێڵن ئەزمونی تاڵی «ئەندازیاریی سیاسی و سەرزەوینی بۆ ڕۆژئاوای ئاسیا لەسەر دەستی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا دوای جەنگی جیهانی یەکەم» دووبارە ببێتەوە.

مەعنەوییەت بەواتای بەرزکردنەوەی ئەخلاق و ئاکاری ئایینیە. سیحری ئەخلاقی بە بێ ڕەھەندی دینی کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەلایەن سەرچاوە ھزرییەکانی  ڕۆژئاواییەکانەوە پەرەی پێ دەدرا، دەرئەنجامەکەی دەبێتە ھەر ئەم ڕەوشت نزمی و ھەڵدێرانە ئەخلاقییە بێ سنوورەی ڕۆژئاوا کە هەموو دنیا دەیبینن.

مەعنەوییەت و ئەخلاق لە ڕێوڕەسم و مەناسکی حەج، لە بەر ساکاری ژیان لە ئیحرام دا، لە ڕەت کردنەوەی سەرەتییە وەهماوییەکان، لە »وَ اَطعِمُوا البائِسَ الفَقیر«، لە »لا رَفَث وَ لا فُسوقَ وَ لا جِدال»، سووڕانەوەی ھەموو ئوممەت بە دەوری تەوەرەی تاکانەپەرستی، لە ڕەمی و بەردەباران کردنی شەیتان و خۆدابڕین لە موشریکانەوە دەبێ فێربین.

برایان و خوشکانی حەج بەجێھێنەر، دەرفەتی حەج بۆ تەگبیرو ڕامان لە ڕازو ڕەمزەکانی ئەم فەرزە ناوازەیە بقۆزنەوەو بیکەن بە توێشووی تەواوی تەمەنتان. «یەکگرتن» و «مەعنەوییەت» لەم قۆناغەی سەردەم دا زیاتر لە ڕابردوو بەرەوڕووی دوژمنایەتی و لەمپەر قوت کردنەوەی ئیستیکبارو زایۆنیزم بووەتەوە. ئەمریکا و جەمسەرەکانی تری هەژموونیخوازی ئیستیکبار بە توندی دژایەتیی یەکگرتوویی موسڵمانان و لێکگەییشتنی نەتەوەو وڵات و حکومەتە موسڵمانەکان و ئایینداری و شەریعەتخوازیی نەوەی گەنجی ئەو گەلانە دەکەن و بە هەر شێوەیەک کە پێیان بەکرێت بەرنگاری دەبنەوە.

ئەرکی هەموو ئێمە و هەموو گەلان و حکومەتەکانمان ئەوەیە کە دژی ئەم پیلانە ناحەزانەیەی ئەمریکا و زایۆنیزم بوەستین. داوای یارمەتی لە خوداوەندی عەلیم و قەدیر بکەن؛ ورەی دابڕین لە موشریکان لە خۆتاندا بەھیزکەن و پەرە پێ دان و قوڵ کردنەوەی لە شوێنی ژیانی خۆتان بە ئەرکی سەرشانتان بزانن. سەرکەوتن بۆ ھەمووان و حەجی مەقبول و مەشکور بۆ ئێوە حاجیانی ئێرانی و غەیری ئێرانی لە خوداوەند داوا دەکەم و ئاواتی وەدی ھاتنی دۆعای حضرت بقیّة‌اللّه‌الاعظم (ارواحنا فداه) بۆ ھەموان بە ئاوات دەخوازم. والسّلام علیکم و رحمة اللّه شەشەمی ذی‌الحجّة ۱۴۴۴ی کۆچیی مانگی  و چوارەمی پوشپەڕی ۱۴۰۲ی کۆچیی ھەتاوی

 

سەرپەیڤ