ئه‌یلوول 06, 2023 20:17 Asia/Tehran
  • باڵیۆزخانەکانی ئێران وعەرەبستان لە هەردوو وڵات دەستبەکاردەکەن

دوێنێ سێشەممە، 5ی 9ی 2023 باڵیۆزی نوێی ئێران و سعودییە لە هەردوو وڵات دەستبەکار بوون، ئەوەش دوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە هات، کە ماوەی حەوت ساڵە گرژی تێکەوتبوو.

عەلی رەزا عینایەتی وەکو باڵیۆزی نویی ئێران گەیشتە ریازی پایتەختی سعودییە و عەبدوڵڵا بن سعود عنزیش گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و وەک باڵوێزی نوێی وڵاتەکەی لە ئێران دەستبەکار بوون.

گەیشتنی باڵیۆزی نوێی ئێران بۆ سعودیە دوای دوو مانگ دێت لە راگەیاندنی فەرمیی حکومەتی ئێران بۆ دەربڕینی رەزامەندی بە کردنەوەی کۆنسوڵخانەکەی لە سعودییە، هاوکات بۆ دامەزراندنی باڵیۆزێکی نوێی سعودیەش لە تاران.

فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودییە لەمبارەوە رایگەیاند: دەستپێکردنەوەی کاری نوێنەرایەتییەکانی هەردوو وڵات و باڵیۆزەکانیان، هەنگاوێکی دیکەیە بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان سعودییە و ئێران.

لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە بە نێوەندگیریی چین، ئێران و سعودیە رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان.

 

 

 

سەرپەیڤ