تشرینی دووه‌م 02, 2023 19:50 Asia/Tehran

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: لە کۆبوونەوەگەلی هاوبەشیدا لەگەڵ کاربەدەستانی قەتەر گەڵاڵەی ئاگربڕی کاتی بۆ گەیشتنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە بە کەرتی غەززەیان خستۆتە بەر باس و لێکدانەوە.

"حسین امیرعبداللهیان" وەزیری دەرەوەی ئێران شەوی ڕابردوو لە کاتی گەڕانەوەی لە تورکیا لە نێو هەواڵنێراندا وتی: لە دیداریدا لەگەڵ کاربەدەستانی قەتەر، لە چوارچێوی دەسپێشخەریی سیاسی، گەڵاڵەی دامەزرانی ئاگربڕی کاتی بۆ نێردرانی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە و ئاڵ و وێری ئەسیرانی مەدەنی لە نێوان هێزەکانی خۆڕاگری و ڕژێمی زایۆنی خرایە بەر باس و لێکدانەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: سەبارەت بە ئاگربڕی کاتی هەندێ هەنگاوی دەسپێشخەرانە لە قەتەر خەریکە هەڵدەگیردرێ ، بەڵام زایۆنییەکان لەبەر ئەو زەبرەی لێیان کەوتووە ،وەها گیژ و پەشۆکاو بوونە کە وەک شێتان دەستیان داوەتە بۆردومانی بێ بڕانەوەی ژن و منداڵ و خەڵکی مەدەنی.

ئەمیرعەبدوڵاهیان بە ئاماژە بەوەی کە زایۆنییەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە لە زەوینەوە بچنە نێو کەرتی غەززە، وتیشی: بە پێی قسەکانی کاربەدەستانی حەماس، هێزەکانی خۆڕاگری ئامادەیی تۆکمە و تەوایان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزی داگیرکەر.

سەرۆکی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران هەروەها لەبارەی دانوستانەکانی لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیا ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاندووە کە پێشنیارەکەی سەید ئیبراهیم ڕەیسی سەرۆک کۆماری ئێران سەبارەت بە بەڕێوەچوونی خێرای کۆبوونەوە لە ئاستی سەرانی وڵاتانی ئیسلامی قەبووڵە.

ئەمیرعەبدوڵاهیان هیوای دەربڕی بەرامبەر بەوەی کە هەوڵ و تەقەلاکان لەپێناو کۆتایی هێنانی خێرای جەنایەتی جەنگیی ئیسراییل دژ بە خەڵکی مەدەنی لە کەرتی غەززە و کەرتی ڕۆژاوا و بەڕێکرانی بەردەوام و بەربڵاوی یارمەتیی مرۆیی و ڕاگیردرانی کۆچی بەزۆرەملیی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە، هەرچی خێراتر بگەنە ئەنجام. 

سەرپەیڤ