تشرینی دووه‌م 05, 2023 11:00 Asia/Tehran

ئەمڕۆ سێزدەی گەڵاڕێزان کە ڕێکەوتە لەگەڵ چواری نۆڤەمبەری ٢٠٢٣، ڕۆژی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی ئیستکباری جیهانی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بوو. چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵک بەتایبەت نەوەی لاو و بەرەی خوێندکاری خوێندنگە و زانکۆ لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێرانەوە ڕژانە سەر شەقامەکانی شار و گوندەکانیان، بۆ ئەوەی سەرلەنوێ پێداگری بکەن لە سەر دژایەتی کردنی ئیستعمار و ئیستکبار.

ڕۆژی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی ئیستکبار لە ئێران ئەمساڵ بە سەرنجدانی جەنایەتەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئیسراییل لە کەرتی غەززە زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو لە کەشێکی دژەزایۆنی و دژەئەمریکاییدا بەڕێوەچوو.

ڕێپێوانی ڕۆژی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی ئیستکبار لە ئێران ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەربڵاوی خەڵک، خوێندکارانی خوێندنگەکان و زانکۆکان و بە دروشمی" نەزمی نوێی جیهانی بە نەوەیەکی ئارمانجخواز" لە تاران  و سەرانسەری وڵات بەڕێوەچوو. هاوکات لەگەڵ دەسپێبوونی ئەم ڕێپێوانە زەنگی دژەئیستیکباریش لە خوێندنگەکانی سەرانسەری ئێران زرینگایەوە.

بەشداربووانی ڕێپێوانی ئەمڕۆی ئێران وێنەگەلێکیان بەدەستەوە بوو لە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، سەردار سلێمانی، سەید حەسەن نەسروڵا و هەروەها ئەو منداڵانەی لە پەلامارە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر غەززە شەهید بوون. 

خەڵک و خوێندکارانی خوێندنگەکان و زانکۆکانی تاران بە ئامادەبوون لە مەیدانی فەلەستین ئاڵای پیرۆزی وڵاتەکەمانیان هاوڕێ لەگەڵ ئاڵاکانی فەلەستین و حیزبوڵلای لوبنان بە دەستەوە بوو.

 بەشداربووانی خۆپیشاندانی سەرانسەریی یەوموڵای سێزدەی گەڵاڕێزان  بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک بە شەرمەزار کردنی سیاسەتی دووفاویی ڕۆژاوا بەرامبەر بە مافی مرۆڤ، جەختیشیان کرد  کە تا سەرکەوتنی یەکجاریی فەلەستین پشتی ئەم گەلە خۆڕاگر و قارەمانە بەر نادەن.

بەشداربووانی خۆپیشاندانی سەرانسەریی یەوموڵای سێزدەی گەڵاڕێزان ڕاشکاوانە ڕایانگەیاند؛ قەیرانی ناوچەیی ئێستای ڕۆژاوای ئاسیا سەرچاوەی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی یاساشکێنانەی ئەمریکای جەنایەتکار لە  پڕچەک کردن، پشتیوانیی دراوی و هەروەها دنەدانی حکوومەتی دڕندە و تیرۆریستی زایۆنی. لەم بەیاننامەیەدا داوا لە هەموو وڵاتانی ئیسلامی و حکوومەتە سەربەخۆکان کراوە کە بە ئیدانەکردنی لێبڕشتانەی جەنایەتە دژە مرۆییەکان و ڕەگەزکوژیی خەڵکی مەزڵوومی غەززە بە دەستی ڕژێمی ڕەگەزپەرستی زایۆنی لە کۆڕە نێودەوڵەتییەکاندا، دەس بدەنە پچڕاندنی پێوەندیی سیاسی، ڕاگرتنی هاریکاری ئابووری و پێشگری بە هەناردەکرانی نەوت و گاز و بەم شێوەیە ئەرکی مرۆیی خۆیان بە جێ بێنن.

سەرپەیڤ