ئەمیرعەبدوڵاهیان: ئێران سەبارەت بە یەکپارچەیی خاکی خۆی لەگەڵ کەس موجامەلەی نییە
وەزیری دەرەوەی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ هاوشانی ڕووسیی خۆی وتی: تاران سەبارەت بە مەسەلەی ڕێزگرتن لە یەکپارچەیی خاک و مافی سەروەریی خۆی بە هیچ لەونێ لەگەڵ کەس موجامەلەی نییە.
لە پەیوەندیی تەلەفۆنیی "سێرگەی لاڤرۆڤ"ی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و "حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان" وەزیری دەرەوەی ئێران، دوایین ڕووداوەکانی هاوپێوەند بە قەفقازی باشوور، باروودۆخی فەلەستین و کەرتی غەززە و هەندێ پرس و بابەتی دوولایەنە و ناوچەیی خرانە بەر باس و تاوتوێ کردن.
وەزیری دەرەوەی ئێران لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، بە هەڵسەنگاندنێکی ئەرێنی سەبارەت بە پرۆسەی دانوستانەکانی کۆماری ئازەربایجان و ئەرمەنستان لە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی، بە ئاماژە بە دەرئەنجامە نەرێنییەکانی دەستێوەردانی ژمارێک لایەنی بیانی لە ناوچەکە، پێی داگرت لەسەر پێویستی بەکارهێنانی توانای وڵاتانی ناوچە و وتی: وڵاتانی ناوچەکە دەتوانن ڕۆڵێکی بنیاتنەر بگێڕن لە بەدیهێنان و دەستەبەرکردنی ئاشتیی نێوان کۆماری ئازەربایجان و ئەرمەنستان.
ئەمیرعەبدوڵڵاهیان لە کاردانەوە بە بەشێک لە بەیاننامەکەی شەشەمین کۆبوونەوەی کۆڕی هاوکاریی عەرەبی و ڕووسیا لە وڵاتی مەراکێش، دوورگە سیانەکانی ئێرانی بە بەشێکی دانەبڕاو لە یەکپارچەیی خاکی ئێران زانی و ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی ئێران لەم بارەوە لەگەڵ کەس موجامەلەی نییە و ئیدیعای هەر لایەنێکیش لەم بارەوە بە تەواوەتی ڕەت دەکاتەوە.