لاورۆڤ: ڕوسیا بەبێ هیچ مەرجێک ڕێز دەگرێ لە سەروەری خاکی ئێران
سیرگئی لاورۆفی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە گوتوبێژێکی تەلەفوونی لەگەڵ حسین ئەمیرعەبدوڵڵاهیانی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە ڕوسیا لەدڵەوەو ڕاستگۆیانە و بەبێ هیچ مەرجێک ڕێز دەگرێ لە سەروەری خاکی ئێران و ئەوەش هەڵوێستی نەگۆڕی مۆسکۆیە.
لەمیانەی پەیوەندیەکی تەلەفوونی نێوان حسین ئەمیرعەبدوڵڵاهیانی وەزیری دەرەوەی ئێران و سیرگئی لاورۆفی وەزیری دەرەوەی فیدڕاسیۆنی ڕوسیا، ڕوداوو گۆڕانکاریە پەیوەنددارەکانی قەفقازی باشوورو دوایین دۆخی هاریکاری و پەیوەندی نێوان دوولایەن و چەند پرسێکی دیکەی ناوچەیی و نێونەتەوەیی ڕاوێژو قسەو باسی لەسەر کرا.
دوولایەن لەو وتووێژە تەلەفوونیەدا پێداگریان کرد لەسەر سەروەری خاکی یەکترو وەزیری دەرەوەی ڕوسیا وێڕای پیرۆزبایی لە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ واژکردنی ڕێککەوتنی بازرگانی و بازرگانی ئابووری ئورئاسیا ئەو بابەتەی بە کارێکی یەگجار گرینگ بۆ کۆماری ئیسلامی و ڕوسیاو وڵاتانی ئەو یەکیەتیە زانی و وێڕای ئاماژە بە هاریکاری نێوان دوو وڵات لەبواری ئاسنەڕڕێگەی ڕەشت - ئاستارا، پێداگری کرد لەسەر سووربوونی وڵاتەکەی لەسەر خێراکردنی بەرێوەچوونی ئەو گەڵاڵەی پەرەی هاریکاریە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیانیش وێڕای ئاماژە بە ڕوداوەکانی ئەمدوایانەی قەفقاز پێشوازی کرد لە پرۆسەی وتووێژی نێوان ئەرمینیاو کۆماری ئازەربایجان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی پایەدارو پێداگریشی کرد لەسەر پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی لە جێگیربوونی ئاشتی و سەقام لە ناوچەکە.