کانونی دوھەم 08, 2024 12:20 Asia/Tehran

دادستێنی پارێزگای کرمان هەڵکەوتوو لە باشووری ئێران، ڕایگەیاند کە ٣٢ کەسی هاوپێوەند بە دۆسییەی جەنایەتە تیرۆریستییەکەی کرمان دەستیان بەسەردا گیراوە.

«مەهدی بەخشی » دادستێنی پارێزگای کرمان وتی:  ٣٢ کەسی هاوپێوەند بە دۆسییەی جەنایەتە تیرۆریستییەکەی کرمان گیراون کە ئێستا لە قۆناغی لێپرسینەوە و بە گشتی لە قۆناغە بەراییەکاندان. بەخشی بە ئاماژە بە بۆمب و تەقەمەنیی دۆزراوەی پێش بەڕێوەچوونی ڕێ و ڕەسمی چوارەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی سەردار سولەیمانی وتیشی: شازدە بۆمب لە پارێزگای کرمان دۆزرایەوە کە توانای تەقینەوەی هەرکام لەو بۆمبانە گەلێک زیاتر بوو لە پشتێنی پڕتەقەمەنی، بەڵام بە هەوڵی هێزە ئەمنییەکان ئەم بۆمبانە دۆزرانەوە.

بەخشی بە ئاماژە بەوەی کە ڕووداوە تیرۆریستییەکەی کرمان لە زۆر ڕەهەندێکەوە خراوەتە بەر لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە، وتیشی: یەکێک لەە کەسانەی  لە جەنایەتەکەی کرماندا خۆی تەقاندۆتەوە خەڵکی تاجیکستان بووە و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە شوناسی ئەوانی دیکەیش بەردەوامە. بە وتەی بەخشی دوو کەسی خۆکوژیش کە بەنیازی خۆتەقاندنەوە بوون لە ڕێ و ڕەسمی بەڕێ و ئەسپەردەکردنی تەرمی شەهیدانی ڕووداوە تیرۆریستییەکەی کرمان، قۆڵبەست کراون و دانیان بە نیاز و ئامانجەکەیان داناوە. سەرانی ڕێکخراوە و ناوەندە نیودەوڵەتییەکان و کاربەدەستانی باڵای زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، بە سەرەخۆشی کردنی شەهیدبوونی ژمارێک شاروومەندی ئێرانی، ئەم کردەوە تیرۆریستی و دزێوەیان شەرمەزار کردووە.

سەرپەیڤ