کانونی دوھەم 25, 2024 14:30 Asia/Tehran
  • ڕەیسی: جیا لە پێوەندیی ئابووری، پەرەپێدانی پێوەندیی کلتووریی نێوان ئێران و تورکیایش گەلێک گرینگە

سەرۆک کۆماری ئێران بە ئاماژە بە ویست و خواستی هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی پێوەندییەکان، ڕۆڵی ئێرانییەکانی دانیشتووی تورکیای بە گرنگ نرخاند لە بەکردەوە جێبەجێکرانی ئەو بڕیارانەی لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی دوو وڵات دراون.

ئیبراهیم ڕەئیسی شەوی ڕابردوو لە کۆتایی سەردانە چڕ و کورتەکەی لە تورکیا، لە دیدارێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک ئێرانیی دانیشتووی ئەم وڵاتە، ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ جگە لەو توانا و پوتانسییەلە هاوبەشە زۆر باشانەی کە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و تورکیا لەئارادان،  ویست و  خواستی سەرانی هەردوو وڵاتیش لەسەر قووڵتر و پتەوتر کردنی پەیوەندییەکاندایە.

ڕەئیسی وتیشی: جگە لە بواری ئابووری، فراوانکردنی پەیوەندیی کلتووریی نێوان هەردوو وڵاتیش زۆر گرینگە. ناوبراو بە ئاماژە بە توانا  و پوتانسییەلە زۆر باشەکانی ئێران بۆ سەرمایەنانەوە و چالاکیی ئابووری، داوای لە ئێرانییەکانی  دەرەوەی وڵات کرد کە لەو توانا و پوتانسییەلانە کەڵک وەرگرن.

سەرۆک کۆماری ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بە ئاماژە بەوەی کە ئێران و تورکیا لە بواری پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا بۆچوون و ڕوانگەی هاوبەشیان هەیە، ئاماژەی دایە تاوانە بێوێنەکانی ئەم دواییەی زایۆنییەکان و ڕکوکین و بێزاریی هەموو خەڵکی جیهان بەرامبەر بەو جەنایەتکارانە و وتی: ڕاگرتنی جەنایەت و کوشتارەکەی ڕژێمی خوێنڕێژی زایۆنی، چاوەڕوانییەکی جیهانییە کە بەدیهێنانیشی پێویستی بە ڕێوشوێنی پێشپێگرانەیە و پچڕانی پەیوەندیی ئابووری و سیاسییەکانی وڵاتان، بە تایبەت وڵاتانی ئیسلامی لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی، یەکێک لە کاریگەرترین ڕێکارەکانی ڕاگرتنی ماشینی کوشتار و جەنایەتی ئەم ڕژێمە منداڵکوژەیە.

سەرپەیڤ