شوبات 19, 2024 11:00 Asia/Tehran

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە پێداگری لەسەر گرینگایەتیی یەکدەنگیی نیشتمانی و هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەممە وەکوو ڕێگاچارەی کێشەکان و چاکسازی لە کاروباری وڵات، هەموانی بانگ کرد بۆ بەشدارییەکی پڕسۆز و خرۆش لەم ڕووداوە گرینگە نیشتمانییەدا.

حەزرەتی ئایەتووڵڵا خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕۆژی یەکشەممە لە دیداری هەزاران کەس لە خەڵکی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، بەرەی ئیستکباری بە نەیاری هەڵبژاردنەکانی ئێران زانی و وتی: هەڵبژاردن، سەرچاوەی کۆمارییەتی نزامی ئێران بووە و هەر لەبەر ئەوەشە کە زاڵم و زۆرداران و ئەمریکا کە هەر هەموویان هەم نەیاری کۆمارییەت و هەم ئیسلامییەتی ئەم حکومەتەن، نەیاری هەڵبژاردنەکان و ئامادە بوونی بەسۆز و خرۆشی خەڵک لە سەر سنوقەکانی دەنگدانن.

بەڕێزیان بە ئاماژە بە داخوازی یەکێک لە سەرۆک کۆمارانی پێشووی ئەمریکا لە خەڵکی ئێران بۆ بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، وتی: ئەو سەرۆک کۆمارە بە بێ ئەوەی خۆی بزانێ یارمەتیی ئێرانی دا، لەبەر ئەوەی کە خەڵک لە قینی ئەوەیش بووە زیاتر و بەخرۆشتر لە جاران بەشدارییان کرد لە هەڵبژاردنەکان و هەر لەبەر ئەوەیە کە ئەمریکاییەکان ئیتر بەو شێوەیە قسە ناکەن،  بەڵام بە شێوە و شێوازی جۆراوجۆر هەوڵ دەدەن بۆ هیوابڕاو کردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان. 

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران هەڵبژاردنەکانی بە کۆڵەکە و ئەستوونی سەرەکیی نزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕێگای باشتر بوونی  کاروباری وڵات هێنایە ئەژمار و فەرمووی: هەموان دەبێ لە هەڵبژاردنەکان بەشداری بکەن، ئەوانەی لە دووی چێ کردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانن، ڕێگای راست و دروست هەڵبژاردنە و دەبێ ڕوو بکەنە هەڵبژاردن.

حەزرەتی ئایەتووڵلا خامەنەیی پێی داگرت: ئەوانەش کە پێیان ناوەتە گۆڕەپانی هەڵبژاردنەکان، خۆ ببوێرن لە دەرمارگرژی، دەمشڕی و سوکایەتیکردن و تۆمەتبار کردن لە کاتی پڕوپاگاندا و لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکداندا و هەرەها بە هیچ لەونێ بەرەو لای ڕەش و تاریک نیشاندانی بارودۆخی وڵات و بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسە و بۆ راکێشانی سەرنجی خەڵک، لەبەر ئەوەی کە ئەو کردەوە و ئاکارانە بێمتمانەیی بەدواوە دەبێ. بەڕێزیان بە پێداگری لەسەر لەبەرچاوگیرانی ڕاست و درووست بوون، ڕێک و بێ کێشە بوونی هەڵبژاردنەکان وەکوو داخوازێکی هەمیشەیی لە بەرپرسان وتیشی: هەڵبەت لە ماوەی ئەم چەن دەیەدا هەرگیز گزیکاری لە هەڵبژاردنەکان بەو شێوە و لەو ئاستەی دوژمنان بانگەشەی دەکەن ڕووینەداوە و ئەو قسانەیان تەواو بێ بنەمایە؛ هەندێ جاریش کە هەندێ کەس بانگەشەگەلێکیان کردووە پاش لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە چەن گزیکارییەک دەرکەوتووە، بەڵام ئەو گزیکارییانە هیچ کاریگەرییەکیان نەبووە لە ئەنجامی گشتی و کۆتاییدا و هەڵبژاردنەکان لە وڵاتەکەمان بە شێوەیەکی ڕێک و پێک، تەندرووست و بێ کێشە بەڕێوەچووە. 

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران یەکێتی و یەکدەنگیی گەلی ئێرانی بە ڕەمزی سەرکەوتن و بەردەوام بوونی شۆڕشی ئیسلامی زانی و پێی داگرت: جیاوازی لە بیر و بڕوا و تێبینی سیاسی نابێ کاریگەری دانێتە سەر یەکێتی و یەکدەنگیی نیشتمانیی ئێران . بەڕیزیان بە ئاماژە بە گەشانەوە و بەهێزتر بوونی شۆڕش لە تەمەنی پڕبەرەکەتی چل و پێن ساڵەیدا لە گێژەنی ڕووداو و پیلان و دوژمنایەتییەکاندا وتیشی: شۆڕش بە مانای گەل و نزام، بە تێپەڕین لە ملە سەخت و سەخڵەتەکان، بتەوتر، بەهێزتر و خاوەنی ڕووانگە و دزە و دەسەڵاتی بەرچاوتر بووە و ئەمڕۆکە دەبێ ئەرک و ئەستۆگرییە سەرەکییەکان، لەکاتی خۆیدا جێبەجێ بکرێن. 

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران "ڕوانین بۆ خۆ و ڕوانین بۆ دوژمن"ی بە دوو ئەرکی سەرەکی هەمووان هێنایەئەژمار و فەرمووی: دەبێ سەبارەت بە خۆمان و دوژمنانمان هەڵسەنگاندێکی ڕێک و درووستمان هەبێ و کەمتەرخەمی لەم بوارەدا، بەڵایەکی گەورەیە. 

سەرپەیڤ