نیسان 23, 2024 12:45 Asia/Tehran

سەرۆک کۆماری ئێران وتی: بڕیارمان داوە، ئاستی پەیوەندییە تیجاری و ئابوریەکانی نێوان ئێران و پاکستان لە هەنگاوی یەکەمدا بۆ ١٠ ملیارد دۆلار زیاد بکەین.

سەید"ئیبڕاهیم ڕەئیسی" سەرۆک کۆماری ئێران لە پرێس کۆنفرانسێکدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە ئیسلامئاباد وتی: شانازی بە خەڵکی پاکستان دەکەین کە هەردەم بەرەڤانیان کردووە لە ئیسلام وبەها ئیسلامییەکان، ستەملێکراوانی فەلەستینی و غەززەو حەق و دادگەریی و هەمیشە لە شەقامە جۆربەجۆرەکانی ئەو وڵاتە، دروشمی ئازادکرانی قودسی پیرۆزیان بەرز کردۆتەوە.

رەئیسی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: سورین لەسەر ئەوەی پەیوەندییەکانی دوو وڵات لە ئاستێکی باڵادا بەرز بکەینەوە. ئێمە سنوری دور و درێژی نێوان دوو وڵات، بە دەرفەت دەزانین و پێمان وایە، ئەو سنورە دەتوانێ لەئاراستەی ئاسودەیی دوو وڵاتدا کەڵکی لێ وەربگیردرێ.

"شەهباز شەریف" سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە پرێس کۆنفراسە هاوبەشەکەی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێراندا، وتی: وتووێژی باش و بەسود لەنێوان ئێمەو سەرۆک کۆماری ئێران و شاندی یاوەریدا ئەنجامی گرت، پەیوەندییەکانمان خاوەن٧٦ساڵ پێشینەیەو دەبێ ئاماژە بکەم بەو خاڵە کە، ئێران یەکەم وڵات بوو کە لە ساڵی١٩٤٧ پاکستانی ئێمەی بەڕەسمییەت ناسی. ناوبراو وتیشی: نیگەرانی و پەرۆشیی خۆمان لەبارەی کوشتاری خەڵکی غەززە ڕاگەیاند و لەبارەیەوە وتووێژمان کردو یەکدەنگ رژێمی زایۆنیمان شەرمەزار کردو داوا لە وڵاتانی جیهان دەکەین، هەرچی زووتر ئەو کردە سەربازیی کۆتایی پێ بێنن.

کۆشکی سەرۆک وەزیرانی پاکستانیش هاوکات لەگەڵ سەفەری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ ئیسلامئاباد، ڕایگەیاند، تاران و ئیسلامئاباد، مکوڕن لەسەر بەرەوڕووبوونەوەی هاوبەشی ترۆریزم.

پێش دیداری فەرمیی سەرۆکانی ئێران و پاکستان، لە ڕێوڕەسمێکدا بەئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی پاکستان، نەمامێک نێژرا بەنیشانەی دۆستایەتیی دوو وڵات لەلایەن سەرۆک کۆماری ئێران، لە حەوشی کۆشکی سەرۆک وەزیرانی پاکستان.

سەردانی شاری لاهور وەک مەکۆی کولتوریی پاکستان و شاری کەراچی وەک ناودەندی ئابوریی ئەو وڵاتە لە بەرنامەکانی دیکەی رەئیسی دەبێ لە درێژەی گەشتەکەی بۆ پاکستان.

 

سەرپەیڤ