نیسان 25, 2024 12:00 Asia/Tehran

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی فەرمووی: گەلی مەزن و ڕەسەنی ئێران، لەهەمبەر زۆربێژیی و زێدەخوازییەکان بەچۆکدانایە و بە گۆڕینی بایکۆتەکان بۆ دەرفەت، ئاسۆی روونی دوارۆژ مسۆگەر دەکا.

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئەمڕۆ چوارشەممە لە دیداری هەزاران کەس لە کرێکاران، وێڕای ئاماژە بەوەی کە ئامانجی راستەقینەی ئەمریکا و رۆژاوا لە بایکۆت و گوشارخستنەسەر ئێران، تەسلیم کردن و شوین کەوتنی رەهای گەل و نیزامی ئیسلامییە، پێی داگرت: گەلی مەزن و رەسەنی ئێران و کۆماری ئیسلامی، لەهەمبەر زۆربێژیی و زێدەخوازییەکاندا بەچۆکدانایەو بە گۆڕینی بایکۆتەکان بۆ دەرفەتی پێشکەوتن و فراژۆیی، ئاسۆی روونی دوارۆژ بۆخۆی مسۆگەر دەکا.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی، کارو کارئافرێن-ی بە دوو هاریکاری هێڵی پێشەوەی شەڕی ئابوریی سەپیندراوی دوژمنان بەسەر گەلی ئێراندا زانی و فەرمووی: ئەو دوو فەکتەرە سەرەکییەی بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا، هەرچەند باشتر هەوڵ بدەن و هەرچەندێک بەستێنی کاراتر بۆیان فەراهەم بکرێت، سەرکەوتنی زیاتری بۆ وڵات و خەڵک بەدواوە دەبێ. بەڕێزیان بەئاماژە بە رۆڵی سەرەکیی کۆمەڵگای کریکاریی لە گەشەی زیاتری بەرهەمهێنان و باشترکردنی رەوشی ئابوریی وڵات، ئەرک و بەرپرسایەتی کاربەدەستان بۆ چارەسەریی گیروگرفتی چینی ڕازی و نەجیبی کرێکاری شیکردەوەو وتی: حاڵی باشی کۆمەڵگای کرێکاریی، حاڵی خەڵکیش باش دەکا.

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەی، قسەکردن لەبارەی پرسە ئابوورییەکان بێ لەبەرچاوگرتنی بایکۆتەکانی بەقسەی ئەمریکاو ئوروپا "کەم وێنە"ی، بەنامومکین زانی و فەرمووی: ڕۆژاواییەکان لەبارەی ئامانج لە سەپاندنی بایکۆتەکان بەسەر ئێران، بە درۆ بابەتی وەک چەکی ناڤۆکی، مافی مرۆڤ و پشتگریی لە ترۆریزم دەکەنەبیانوو.

بەڕێزیان لە شیکردنەوەی قسەو رەفتاری دژبەیەک و پەڵپ و بیانوو درۆیینەکانی رۆژاوا، ئاماژەی بە مەسەلەی غەززە کردو گوتی: لەڕوانگەی ئەوانەوە، خەڵکی غەززە کە لەژێر بۆردومان و تۆپباراندان، ترۆریستن بەڵام دەوڵەتی دوژمنکار و ساختەو بێ بەزەیی زایۆنیستی کە لەماوەی شەش مانگدا نزیک بە چل هەزار کەس لەوان چەند هەزار منداڵی قەڵاچۆ کردووە، ترۆریست نیە.

ڕێبەری باڵای شۆڕش، پێشکەوتن لەبواری چەکئامێریی وڵاتی، بەنموویەکی گۆڕانی بایکۆتەکان بۆ دەرفەت ناوبردو فەرمووی: ئەو پێشکەوتنە کە لەشوێنێکدا خۆی دەرخست، هەموو دوژمنانی سەرسام کرد کە ئێرانی ئیسلامی چلۆن توانیویەتی، لە بارودۆخی بایکۆتدا، ئەو هەژمارەی چەکی پێشکەوتە بەرهەم بێنێ.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی هەروەها وێڕای ئاماژە بە ڕێپێوان و خۆپێشاندانی گەلانی جیهان بۆ پاڵپشتیی لە فەلەستینیەکان و بەرزکردنەوەی ئاڵاکانی فەلەستین و حیزبوڵڵا لە شەقامەکانی ئوروپاو ئەمریکا، تۆمەتبارکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پشتگریی لە ترۆریزم بەبیانووی داکۆکی لە ستەملێکراوانی غەززەی، بە مایەی ریسوایی بوختانکەران زانی و فەرمووی: ئێستا، نەک هەر گەلی ئێران بەلکوو هەموو خەڵکانی جیهان، پاڵپشتی لە فەلەستین دەکەن.

سەرپەیڤ