May 02, 2024 07:00 Asia/Tehran

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، فەرمووی: غەززە، پرسی یەکەمی جیهانە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی سەداوسیما؛ حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، ئەمڕۆ چوارشەممە هاوکات لەگەڵ ساڵڕؤژی شەهیدبوونی مامۆستای شەهید "مورتەزا موتەهەری" و ڕۆژی مامۆستایانی وانەبێژ، لەدیداری هەزاران کەس لە مامۆستایانی خوێندنگەو زانکۆکان، فەرمووی: سەرباری هەوڵ و تەقەلای زۆری زایۆنییەکان و پشتیوانکەرانی ئەمریکی وئوروپیی ئەوان، پرسی غەززە، هەروا پرسی یەکەمی جیهانە کە ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆپێشاندانەکان بە تاوانکارییەکانی رژێمی زایۆنی لە زانکۆکانی ئەمریکاو پەرەسەندنی بۆ زانکۆکانی ئوروپا، لە نیشانەکانی بەردەوامیی سەریەتی و هەستیاریی بیروڕای گشتیی جیهانە بەرامبەر پرسی غەززە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی پێی داگرت؛ تاوانکارییەکانی رژێمی زایۆنیستی و هاوکاریی ئەمریکا لەگەڵیدا، لەسەرحەق و ڕەوابوونی هەڵوێستەکانی نیزام و گەلی ئێران لە ڕەت کردنەوەی رژێمی داگیرکەرو ڕەشبینی بەرامبەر ئەمریکای سەلماندو پێویستە هەمووان بزانن کە هیچ ڕێکارێک بۆ چارەسەریی پرسی فەلەستین نییە جگە لە گەڕانەوەی ئەو سەرزەوینە بۆ خاوەنە موسڵمان، جوولەکەو مەسیحییەکانی و پەیوەندیی دامەزراندن لەگەڵ رژێمی زایۆنیستی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، کێشەکان چارەسەر ناکا.

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی هەروەها پێی داگرت: تاکاتێک کە فەلەستین نەگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنەکانی، کێشەی رۆژاوای ئاسیا چارەسەر نابێ و تەنانەت ئەگەر بیست، یان سی ساڵی دیکەش هەوڵ بدەن رژێمی زایۆنی لەسەر دەسەڵات بهێڵنەوە-کە ئینشائەڵڵا ناتوانن- ئەو مەسەلە، چارەسەر نابێ.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی هەروەها فەرمووی: فەلەستین دەبێ بگەڕێندرێتەوە بۆ خەڵکەکەی و پاش پێکهاتنی نیزامێکی فەلەستینی، خۆیان بڕیاربدەن چلۆن لەگەڵ زایۆنییەکان هەڵس و کەوت بکەن.

بەڕێزیان تاوپێدرانی زەخت وگوشاری بیروڕای گشتی لەسەر رژێمی داگیرکەری، بە زەرووری وپیویست زانی و وتی: رەفتاری دڕندانەو بێ بەزەییانەی سەگی هاری زایۆنیستی، بووبەهۆی سەلمێندرانی لەسەرحەقبوونی هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی و گەلی ئێران و کوشت وبڕی سی و چەند هەزار کەس کە نیوەیان ژن و مندالن، سروشتی شەڕانی و بەدفەڕی رژێمی زایۆنیستی و حەقانیەتی هەڵوێستی هەمیشەیی ئێرانی بەگشت جیهان پێشان دا.

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، ڕەفتاری ئەمریکاو دەم و دەزگە پەیوەندیدارەکان بەوان، لەهەمبەر"ناڕەزایەتی دەربڕینی بێ توندوتیژی و وێرانکاری"ی خوێندکارانی نەیاری تاوانکارییەکانی ئیسرائیل-ی، بەهۆکارێکی دیکەی سەلماندنی هەڵوێستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕەشبینی بەرامبەر حکومەتی ئەمریکا زانی و وتی: ئەو پرسە، پێشانی هەمووانی دا کە ئەمریکا هاوبەشی تاوان و هاودەستی زایۆنییەکانە لە تاوانی نەبەخشراوی کوشتاری خەڵکی غەززەو بڕێک قسەو لێدوانی بەڕواڵەت دڵسۆزانەی ئەوانیش درۆیە، جا بۆیە هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ ئەوەی کە گەشبین بوون بە حکومەتی ئەمریکا و متمانەپێکردنی نامومکینە، بە هەمووان سەلمێندرا.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی بەئاماژە بە بڕێک جم و جۆڵ و هەوڵدان بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی رژێمی زایۆنیستی و وڵاتانی ناوچە، فەرمووی: چەند لایەنێک پێیان وایە بەو کارانە، کێشەکە چارەسەر دەبێ بەڵام هاتوو، پەیوەندیی وڵاتانی عەرەب لەگەڵ رژێمی زایۆنیستی ئاسایی بۆوە، نەک هەر کێشەکە چارەسەر نابێ بەڵکوو پەلکێشی ئەو حکومەتانەش دەبێ کە بە چاونوقاندن لەهەمبەر تاوانکارییەکانی رژێمی داگیرکەر، دەستی دۆستایەتیان لەگەڵ داوەتەوەو خەڵکانی ئەو وڵاتانە بەرەوڕووی ئەو حکومەتانە دەبنەوە.

سەرپەیڤ