ته‌مووز 18, 2024 17:25 Asia/Tehran
  • ڕەخنەی ئێران لە پێوەرە دووفاقییەکانی ڕۆژاوا بەرامبەر بە جەنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنی

بەڕێوەبەری ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران هاتنەئارای بانگەشەگەلێک سەبارەت بە ڕاپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری فەلەستینی داگیرکراو و پێوەرە دووفاقییەکانی سەبارەت بە ڕاپۆرتێرانی تایبەتی ئەم ناوەندە نێودەوڵەتییەی دایە بەر ڕەخنە و گازندەوە.

کازم غەریب ئابادی" بەڕێوەبەری ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران لە کاردانەوە بە هاتنەئارای بانگەشەگەلێک دژ بە ڕاپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری فەلەستینی داگیرکراو وتی: دوژمنانی مرۆڤایەتی، بە بانگەشەی یارمەتیی ٢٠ هەزار دۆلاریی ڕێکخراوەکانی لایەنگری بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین (حەماس) بە "فرانچسکا ئالبانێز" ڕاپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری فەلەستینی داگیرکراو، هەوڵ بۆ کپ کردنەوەی تەنیا دەنگێک دەدەن کە ئێستاکە خەریکی لەقاودانی جەنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنی و پاڵپشتی کردنی خەڵکی فەلەستینە.

"فرانچسکا ئالبانێز" پارێزەر و مافەوانی ئیتالیایی لە مانگی مەیی ٢٠٢٢ـەوە وەکوو ڕاپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری فەلەستینی داگیرکراو خەریکی چالاکییە. 

بەڕێوەبەری ناوەندی مافی مرۆڤ و جێگری سەرۆکی دەزگەی دادی ئێران بۆ بەشی کاروباری نێودەوڵەتی پێشتریش لە نامەیەکدا بۆ «عومەر زنیبێر» سەرۆکی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ و "ڤۆڵکەر تورک" کۆمیسەری باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ، بە شەرمەزار کردنی پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ئۆردوگای ئاوارە فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە، خوازیاری پێکهاتنی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بوو لە لایەن ئەنجومەنی مافی مرۆڤەوە بۆ لێکدانەوەی ئەم جەنایەتانە و دیاری کردنی مکانیزمگەلێکی تایبەت و تازە بۆ تۆمارکردن و کۆکردنەوەی بەڵگەکانی سەلمێنەری بنپێکرانی بەربڵاو و نامرۆییانەی مافی مرۆڤ و جەنایەتەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و ژینۆسایدی ڕژێمی ئیسراییل.