ئه‌یلوول 03, 2024 20:03 Asia/Tehran
  • کەنعانی: ڕۆڵی ئینگلیز لە ڕۆنانی ڕژێمی ئیسراییل لە جیهانی ئیسلامدا لەبیر ناکرێ

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: گەلانی ناوچەکە و هەر هەموو جیهان ئەوەیان لە بیر ناچیتەوە کە کاربەدەستانی حکومەتی بەریتانیا چۆن دەستیان دایە بناغەدانانی ڕژێمی ئاپارتایدی ئیسراییل لە ناخی جیهانی ئیسلامدا.

ناسر کەنعانی بە ئاماژە بە ساڵڕۆژی بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەریی شەهید ڕەیسعەلی دلواری قارەمانی خەباتی دژ بە ئیستیعمار و ڕۆژی نیشتمانیی خەباتی دژ بە ئیستیعماری ئینگلیز وتی: گەلی گەورە و مێژووسازی ئێران لەبەر خەباتیان دژ بە زاڵێتیخوازیی کۆلۆنیالیستەکان لەوان ئیستیعماری ئینگلیز و لە پێناو دەسخستنی سەربەخۆیی و سیادەی سیاسیی خۆیان، بوونەتە خاوەنی مێژوویەکی درەوشاوە و جێیشانازی. کەنعانی لە درێژەدا وتیشی: ئاکاری زاڵێتیخوازانەی مێژوویی و هەوڵ بۆ بەردەوام کردنی، دووبەرەکی نانەوە و جێخستنی کێشە و قەیران لە پرسە گرینگە ناوچەییەکاندا لەوان لە مەسەلەی فەلەستیندا، وەرزێکی گرینگی سیاسەتی کۆلۆنیالیستیی ئینگلیز لە ڕۆژاوای ئاسیا پێکدێنێ.وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێیداگرت: گەلانی ناوچەکە و جیهان ئەوە لە بیر ناکەن کە کاربەدەستانی حکومەتی ئینگلیز چۆن دەستیان دایە بناغەدانانی ڕژێمی ئاپارتایدی ئیسراییل لە ناخی جیهانی ئیسلامدا و ئەمڕۆیش بە پاڵپشتی کردنی ڕژێمی زایۆنی، دەستیان هەیە لە ژینۆساید، کۆمەڵکوژی و چەرمەسەری و ئاوارەیی فەلەستینییەکانی دانیشتووی کەرتی غەززە و کەرتی ڕۆژاوا.