ئه‌یلوول 11, 2024 22:17 Asia/Tehran

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، لە پەیامێکدا سوپاسی میوانداریی خاوەن موکب و وێستگەکان و گەلی مەزنی عێراقی کرد لە رۆژانی ئەربەعیندا.

"مەسعود پزشکیان"سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرلەبەیانی ئەمرۆ چوارشەممە سپاسنامە و دەقی عەرەبیی ئەو پەیامەی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە کاتی سەردانی بۆ عێراق، پێشکەشی "محەممەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە کرد.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی لەو پەیامەدا فەرمووی: یەکەم ووشە، سپاس کردنە، پڕ بەدڵ لەلایەن خۆم و لەلایەن گەلی مەزنی ئێرانەوە، سپاستان دەکەم؛ هەم سپاسی ئێوەی خاوەن موکب و وێستگەکان دەکەم کە لە رۆژانی ئەربەعیندا، مەزنایەتی و میهرەبانی و دۆستایەتییان لەوپەڕی خۆیدا پێشاندا، هەمیش سپاسی تێکڕای گەلی مەزنی عێراق و بەرپرسان حکومیی و لەشکریی دەکەم کە ئاسایش و بارودۆخ و بەسێنیان ئامادە کرد؛ هەروەتر بەتایبەتی سوپاسی زانایانی دینیی خودان ڕێز و مەرجەعە باڵاکانی عێراق دەکەم کە کەشی زیارەت و برایەتیان رەخساند لە نێوان چین و توێژەکانی جەماوەردا و هەروەها لەنێوان دوو گەلی ئێران وعێراقدا، بەڕاستی جێی سوپاس و پێزانینە.

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی هەروەها فەرمووی: رەفتاری ئێوە برایانی ئازیزی عێراقی لە وێستگەکانی سەرڕێگا و رەفتاری دلۆڤانەتان لەگەڵ زیارەتکاران، لە جیهانی ئەمڕۆدا بێ وێنەیە، هەر بەوجۆرەی کە ڕێپێوانی ئەربەعین لەمێژوودا بێ وێنەیەو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی دەیان ملوێن کەس، لە جیهانی ناهێمنی ئێستادا، کارێکی مەزن و کەم وێنەیە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی هەروەها وتی: ئێوە مەزنایەتی ئیسلامی و کەرامەتی عەرەبیتان لە رەفتارو هەڵس وکەوتی خۆتان و کردارتان پێشان داوە، و هەمووی ئەوانەش لەپێناو خۆشەویستیی سەییدوشوهەدا(ع)دایە. ئەو ئەڤین و خۆشەویستییە بەرامبەر حوسێن ئیبنی عەلی، بابەتێکی تایبەتە، هاوشێوەی ئەوەمان لە هیچ شوێنێک، لە هیچ کاتێک نەبووەو نابێ. هیودارین خوداوەند، ئەو ئەڤینە لەنێو دڵی ئێوەدا، لە نێو دڵی ئێمەدا، تادێ زیاتر بکا.

ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە کۆتایی پەیامەکەیدا فەرمووی: ئەمڕۆکە ئاستی ئەو خۆشەویستییە بەڕادەیەک بەرفراوان بووە کە لە غەززەوە بگرە هەتا زۆرێ لە کۆمەڵگا ناموسڵمانەکان لەخۆ دەگرێ، والحمدللە.