پێداگریی ئێران و سوریا لەسەر پەرەی هەرچی زیاتری پەیوەندییەکان
لە دیداری سەیید عەبباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی سوریا، جگە لە ئیدانەکردنی جەنایەتەکانی رژیمی زایۆنیستی لە لوبنان و غەززە، جەختیش کرا لەسەر پتەوکرانی پەیوەندیی نێوان دوو وڵات.
سەیید عەبباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندی یاوەری رۆژی شەممە لەگەڵ بەشار ئەسەد-ی سەرۆک کۆماری سوریا دیدار و وتووێژی کرد. سەرۆک کۆماری سوریا لەدیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێراندا وتی: وەڵامدانەوەی ئێران بە دەسدرێژکارییەکانی رژیمی زایۆنیستی، "وەڵامدانەوەیەکی بەهێز بوو و هەڵگری ئەو پەیامە بە دوژمن بوو کە تەوەری خۆڕاگریی توانای پێش گرتن بە تاوانکارییەکانی دوژمنی هەیە". ئەسەد لەو دیدارەدا جەختی کرد لەسەر پەیوەندیی ستراتژیکی نێوان سوریاو ئێران و ئەو پەیوەندییەی بۆ بەرەوڕووبوونەوەی کێشەو ئاستەنگ و هەڕەشە ناوچەییەکان، بەگرینگ و زەرووری زانی؛ "بەتایبەت لەهەمبەر درێژەی داگیرکەریی ئیسرائیل لە سەرزەوینە عەرەبییەکان و ئەنجامدانی تاوانکاریی رۆژانەی دژ بە خەڵکی سیڤیل لە لوبنان، فەلەستین و سوریا". بەشار ئەسەد هەروەها پێی داگرت: خۆڕاگریی لەهەمبەر هەرچەشنە داگیرکەریی، دەسدرێژکاریی و کۆمەڵکوژییەکدا، خاوەن مافێکی ڕەوایەو خۆڕاگریی بەهۆی خۆشەویستبوونی لای خەڵک و جەماوەر، یەکجار بەهێزە. بەپێی بەیاننامەی سەرۆک کۆماریی سوریا، بەشار ئەسەدو عێراقچی هەروەها ڕێگاکانی راگرتنی دەسدرێژکارییەکانی رژیمی زایۆنیستی بۆسەر لوبنان و گرینگیی پاڵپشتی و یارمەتیدانی برادەرانی لوبنانی بەسەرنجدان بە ئاوارەبوون لەئەنجامی دەسدرێژکارییەکانیان، تاووتوێ کرد. عێراقچیش لەو چاوپێکەوتنەدا، وێڕای پێداگریی لەسەر متمانەکردن بە هێز و توانای خۆڕاگری لە لوبنان و فەلەستین بۆ راوەستان لەهەمبەر مەکینەی وێرانکەر و کوشت وبڕی ئیسرائیل، جەختی کرد لەسەر پێویستیی هاواهەنگی لەگەڵ هەموو وڵاتانی لایەنگر بۆ هەوڵدان لەپێناو ڕاگرتنی ئەو دەسدرێژکارییانە.
سەیید عەبباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیدار لەگەڵ "بەسام سەباغ"ی وەزیری دەرەوەی سوریاش جەختی کرد لەسەر پێویستیی هاوکاری وهاواهەنگی زیاتر لە ئاستی دوولایەن و چەندلایەندا بۆ کۆکردنەوەی وزەی پشتگری و هاودەنگیی جیهانی لەئاراستەی وەستاندنی ژینۆسایدی رژیمی داگیرکەر لە غەززەو دەسدرێژکارییەکانی بۆسەر لوبنان. دوولایەن بە چاوخشاندن بەسەر دواگۆڕانکاریی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لەبواری جیاجیای سیاسی ، ئابوری و ئاسایشی، سەبارەت بە ڕێگاکانی بەهێزکرانی هاوکارییەکان و جێبەجێکردنی تۆکمەوتەواوی ڕێککەوتننامەکان و تەبایی نامە گرێدراوەکانی نێوان دوو وڵات وتووێژیان کرد. وەزیرانی دەرەوەی سوریاو ئێران هەروەها وێڕای تاووتوێی دواگۆڕانکارییەکانی ناوچە، بۆ نمونە، دۆخی نالەباری مرۆیی سەرچاوەگرتوو لە بەردەوامیی ژینۆسایدی فەلەستینیان و دەسدرێژکاریی بەردەوامی رژیمی زایۆنیستی بۆسەر لوبنان، جەختیان کرد لەسەر پێویستیی چڕکردنەوە و یەکخستنی هەموو توانا دیپلۆماتیکییەکان بەمەبەستی راکێشانی سەرنجی کۆمەڵگای جیهانی بەرەولای ئەو کارەساتانەو وەستاندنی خێرای شەڕخوازیی دوژمنی زایۆنیستی. وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیدار لەگەڵ "غازی جەلالی" سەرۆک وەزیرانی سوریاش لەبارەی پرسی جیاجیای ناوچەو جیهان وتووێژیان کرد.