ڕێبەری شۆڕش: سەرکەوتنی بەرەی خۆڕاگری حەتمییە
ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی بە ئاماژە بە پێگەیشتوویی، چالاکبوون و بەردەوامیی خەباتی هێزمەندانەی حیزبوڵای لوبنان و بزووتنەوەی حەماس پێیداگرت؛ بە پێی بەڵێنە حەتمییەکانی گەیشتنی یارمەتی لە لایەن خواوەندەوە و لەسەر بنەمای ئەزموونەکانی خەباتی سەرکەوتووانەی حیزبوڵا و حەماس لە ماوەی چەن دەیەی ڕابردوودا، ڕووداوەکانی ئەمدواییە بێ گومان سەرکەوتنی بەرەی حەق و خۆڕاگری لەهەمبەر ڕژێمی زایۆنیی بە دواوە دەبێ.
حەزرەتی ئایەتووڵا خامەنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دیداری ئەندامانی مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری بە ئاماژە بە دەستە خوێناوییە ئاشکراکانی ئەمریکا و ژمارێک وڵاتی ئەورووپایی لە جەنایەتی غەززە و لوبنان، سەرکەوتنی بەرەی حەق و خۆڕاگری بە ئەنجامی بەردەوامبوونی خەباتی خۆڕاگرانە و هێزمەندانە لە لوبنان و غەززە و فەلەستین زانی و فەرمووی: دونیا و ناوچەکە ئەو ڕۆژە دەبینن کە ڕژێمی زایۆنی بە ئاشکرا بەرامبەر بەم خەباتکارانە بەچۆکدا دێت.
حەزرەتی ئایەتووڵا خامەنەیی ئەزموونی چەن دەیەی ڕابردووی سەرکەوتنەکانی خۆڕاگری لەهەمبەر دەسدرێژکارانی زایۆنی بە بەڵگەی ئاشکرای دیکەی سەلمێنەری سەرکەوتنی یەکجاریی بەرەی حەق زانی و پێیداگرت: لە ماوەی نزیکەی چل ساڵی ڕابردوودا، حیزبوڵا ڕژێمی زایۆنی لە قۆناغی جۆراوجۆردا لە شارەکانی بەیروت، سەیدا و سەور و لە ئاکامدا بە گشتی لە باشووری لوبنان ناچار بە پاشەکشە لە شار و گوند و چیاکانی ئەم وڵاتە کرد و لوبنانی لە بوونی پیسی ئەم ڕژێمە سڕیوە.
مەقامی مەزنی ڕێبەری بە ئاماژە بە هاوکات بوونی ئەم ڕۆژانە لەگەڵ چەلەمین ڕۆژی شەهید بوونی خەباتکاری گەورە و ماندوونەناسمان، شەهید سەید حەسەن نەسروڵا، ڕێزی گرت لە یادی ئەو کەسایەتییە مەزنە و فەرماندەران و گەورەپیاوانی دیکەی خۆڕاگری لەوان شەهیدان هەنییە، سەفییەدین، سینوار و نیلفرووشان و فەرمووی: ئەم شەهیدانە سەربەرزی و هێزێکی دووهێندەیان بەخشی بە ئیسلام و بەرەی خۆڕاگری.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامەنەیی هەروەها فەرمووی: بە بەرەکەتی بوێری، لێزانی، سەبر و پشتبەستنی سەیری سەییدی خۆڕاگری بە خواوەند، حیزبوڵا بەشێوەیەکی بێ وێنە گەشەی کرد، تا ڕادەیەک کە دوژمنی تەیار بە هەموو چەشنە چەکی ماددی و پڕوپاگاندایی نەیتوانی و بە لوتفی کردگار نایشتوانێ زاڵ بێ بە سەر ئەم دیاردە سەرسووڕهێنەرەدا.
ڕێبەری شۆڕش، خۆڕاگریی فەلەستینی بە سەرکەوتووی هەنووکەی شەڕی دژ بە داگیرکەرانی زایۆنی زانی و ڕایگەیاند: ئامانجی زایۆنییەکان لەم شەڕە، ڕیشەکەن کردنی یەکجاریی حەماس بوو، بەڵام ئەوان سەرباری قەڵاچۆکردنی دەیان هەزار مرۆڤی بێ تاوان و شەهید کردنی ڕێبەرانی خۆڕاگری و خستنەبەرچاوی ڕووخسارێکی قێزەون، دزێو، تەریککەوتوو و بێزلێکراو لە خۆیان لە هەموو جیهاندا، نەیانتوانی بگەنە ئەم ئامانجە و حەماس ئێستایش هەر خەریکی خەباتە کە ئەوەش بە مانای شکست هێنانی ڕژێمی زایۆنییە.