تشرینی دووه‌م 21, 2024 19:03 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی ئێران بە بڕیارنامەی پێشنیاریی سێ وڵاتی ئەورووپایی لە ئاژانس

سێ وڵاتی ئەورووپایی پێشنووسی بڕیارنامەیەکیان لە ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئاراستە کرد کە لەو بڕیارنامەیەدا ئێران دراوەتە بەر ڕەخنەوە، لەبەر ئەو شتەی کە بە ئاشکرانەکردن و دەرنەخستنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی باسیان کردووە.

سەید عەبباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێوەندیی تەلەفوونیدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ژمارێک وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، لەوان برازیل، ئەفریقای باشوور، بەنگلادش، جەزایر، بۆرکینافاسۆ، پاکستان و فەرەنسا، هەوڵی ژمارێ وڵاتی ڕۆژاوایی ئەندامی ئاژانس بۆ دەرکردنی بڕیارنامە دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە هەوڵێکی پاسانەدراو زانی کە دەتوانێ بەجێهێندرانی ئەرک و ئەستۆگرییە تەکنیکی و پسپۆڕییەکانی ئاژانس تووشی کێشە و گرفت بکات. لە پێشنووسەکەی بڕیارنامەی دژە ئێرانیی ڕۆژاواییەکاندا ئەوان لە کاتێکدا چاوەڕێی ئەوە دەکەن ئێران هاوکارییەکی تۆکمە و تەواوی لەگەڵ ئاژانس هەبێ، کە بە پێی دانپێدانانی ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ئێران هەموو ئەرک و ئەستۆگرییە ئەتۆمییەکانی بەجێهێناوە و لایەنەکانی دانوستان لەگەڵ ئێران واتە وڵاتانی ئەورووپایی و ئەمریکا بوون کە بەڵێنەکانیان بەجێ نەهێنا. 

ئینگلیز، فەرەنسا و ئەڵمان لەگەڵ ئەمریکا لە کاتێکدا هەوڵ دەدەن بۆ دەرکردنی بڕیارنامەیەکی دیکەی دژ بە ئێران لە ئەنجومەنی بڕیاردەراندا کە ئێران ڕایگەیاندووە؛ پێی باشترە لەگەڵ ئاژانسی ئەتۆمی ڕابێت. بەڵام بێتوو ئەو بڕیارنامە تازەیە پەسەن بکرێ،  ئێرانیش هەنگاوگەلێکی لێبڕاوانە بەرامبەر بە ئاژانس هەڵدەگرێ. "کازم غەریب ئابادی" جێگری وەزیری دەرەوەی  ئێران بۆ بەشی مافەوانی و نێودەوڵەتی بە ئاماژە بە هەوڵی ژمارێک وڵاتی ڕۆژاوایی بۆ پەسەن کردنی بڕیارنامەی دژ بە ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا وتی: ئێران پێی باشترە سیاسەتی ڕاهاتن لەگەڵ ئاژانس بگرێتە بەر، پێشتریش راشکاوانە رامانگەیاندووە کە بێتوو بڕیارنامەیەک پەسەن بکرێ، وەڵامی لێبڕاوانە و خێرای دەدەینەوە و ناوەندی وزەی ئەتۆمی ئامادەی جێبەجێ کردنی بڕیارەکەیە هەر لە هەمان کاتژمێرەوە کە پەسەنکراوە.

ئەم کردەوەی ئێران،  لە راستیدا وەڵامێکە بە ستراتژیی نابنیاتنەری ئەم چەن وڵاتە و ئاوڕنەدانەوەیان لە نیازپاکیی ئێران. 

سەرپەیڤ