کانونی یه‌که‌م 08, 2024 18:58 Asia/Tehran

وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێیداگرت کە دیاری کردنی چارەنوس و بڕیاردان سەبارەت بە داهاتووی سوریا تەنیا لە دەستی خەڵکی ئەم وڵاتەدایە، بە بێ خۆوەردانی تێکدەرانە و یان سەپاندنی لە دەرەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە سەرنجدانی ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەی سوریا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک  و ئاماژە بە هەڵوێستی بنەڕەتیی ئێران سەبارەت بە پێویستیی ڕێزگیردران لە یەکێتی، سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی سوریا ڕاشکاوانە رایگەیاند: هێنانەدیی ئەم مەسەلە گرینگە پێویستی بە کۆتایی هێنانی هەرچی خێراتری شەڕ و پێکدادانی سەربازی، پێشگری بە جم و جۆڵی تیرۆریستی و دەسپێبوونی دانوستانی نیشتمانی بە بەشداریی هەموو چین و توێژەکانی پێکهێنەری کۆمەڵگای سوریا لە پێناو پێکهاتنی دەسەڵاتێکی گشتداگرە کە نوێنەری هەموو خەڵکی سوریا بێ. 

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەک رابردوو پاڵپشتی دەکات لە میکانزیمە نێودەوڵەتییەکان لە سەر بنەمای بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پێوشوێنگرتنی پرۆسەی سیاسی لە سوریا و بەردەوەام دەبێ لە تەعامولی بنیاتنەر لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بوارەدا. بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باس لەوەش دەکات کە لە ڕەوشی هەنووکەدا کە سوریا بە سەردەمێکی یەکجار گرینگی مێژووی خۆیدا تێدەپەڕێ، دابین کرانی ئاسایشی هەموو شاروومەندانی سوریا و هەروەها شاروومەندانی وڵاتانی دیکە و پارێزرانی ڕێز و حورمەتی پیرۆزگەکان و  پاراستنی شوێنە دیپلۆماتیک و کۆنسولییەکان بە پێی یاسا و ڕێساکانی مافە نێودەوڵەتییەکان تەواو پێویستە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی: پێوەندییەکانی دوو گەلی ئێران و سوریا پێشینەیەکی دوور و درێژی هەیە و تا بووە دۆستانە بووە و چاوەڕێ دەکرێ ئەم پێوەندییانە بە ستراتژیی ئاوەزمەندانە و دواڕۆژبینانەی دو وڵات لە سەر بنەمای ئامانج و خاڵە هاوبەشەکان و بەجێهێنانی ئەرکەکانی مافی نێودەوڵەتی هەر بەردەوام بێ. دەزگەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بە پێداگری لەسەر پێگەی سوریا وەک وڵاتێکی گرینگ و کارتێکەر لە ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیا پێیداگرت کە دەس ناگێڕێتەوە لە هیچ هەوڵێک بۆ یارمەتیدانی دامەزرانی ئاسایش و پاوەجێی لە سوریا و بەم مەبەستە بەردەوام دەبێ لە وتووو‌ێژ و راوێژەکانی لەگەڵ هەموو لایەنە کارتێکەرەکان بەتایبەت دەورگێڕە گرینگەکانی ناوچە. 

سەرپەیڤ