ئێران پەلامارەکانی ئەمریکا و ئینگلیزی شەرمەزار کرد
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پەلامارەکانی ئەمریکا و ئینگلیز بۆ سەر یەمەنی بە تووندی شەرمەزار کرد.
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاماژە بە دووپاتبوونەوەی دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئینگلیز بۆ سەر یەمەن هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی پاڵپشتیی بێ سنووری ئەم دوو وڵاتە لە ژینۆسایدی غەززە، ئەو پەلامارانەی بە بنپێکەری ئاشکرای یاسا و ڕێساکانی مافە نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەن دوو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە زانی. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها بە ئاماژە بە هاوخەمی و پاڵپشتی جوامێرانەی خەڵکی یەمەن لە خەڵکی فەلەستین بەرامبەر بە داگیرکاری و کوشتاری ڕژێمی زایونی داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی و کۆڕە نێودەوڵەتیەکان و هەروەها وڵاتانی ئیسلامیش کرد تا ئەرک و ئەستۆگریی یاسایی و مرۆیی خۆیان بۆ پاڵپشتی کردنی خەڵکی مەزڵوومی یەمەن و نەیارێتیی کردنی دەستدرێژیی سەربازی و هەنگاوە ئاڵۆزکەرەکانی ئەمریکا و ئینگلیز لە ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیا بەجێ بێنن.