کانونی یه‌که‌م 22, 2024 19:31 Asia/Tehran
  • ڕێبەری شۆڕش: گەلانی ناوچەکە داهاتوویەکی باشتر دەخوڵقێنن

ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە ئاماژە بە نەهاتنەدیی هیچکام لە ئامانجەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ تیابردنی حەماس و حیزبوڵا فەرمووی: گەلانی بەشەرەفی ناوچەکە، بە لوتفی خوای گەورە ڕیشەی ڕژێمی دزێوی زایۆنی لە بنچینە دەردێنن و داهاتوویەکی باشتر دەخوڵقێنن بۆ ناوچەکە.

حەزرەتی ئایەتوڵا خامەنەیی ، ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕۆژی یەکشەممە لە دیداری هەزاران مەداح و شاعیری ئەهلی بەیت (د.خ)  و چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵکدا فەرمووی: جەماعەتێک ئاژاوەگێڕ بە یارمەتی، پلان و پیلانگێڕیی حکومەتە بیانییەکان توانی لاوازییە ناوخۆییەکانی سوریا وەک هەلێک بقۆزێتەوە و ئەم وڵاتە بشێوێنێ.

مەقامی مەزنی ڕێبەری بە ئاماژە بە وتەکانی ماوەیەک لەمەوبەری خۆی سەبارەت بە پلانی دوو ڕەهەندیی ئەمریکا بۆ وڵاتانی ناوچەکە واتە " دانی دەسەڵات بە دەستی حکومەتێکی سەرەڕۆی زاڵم کە لە گەڵ سیستەمی زاڵێتیخوازی جیهان ڕادێ" و ئەگەر ئەوە نەکرا، "ئاڵۆز کردن و بشێوی نانەوە لەو وڵاتە"، فەرمووی: پلان و پیلانیان لە سوریا ئاڵۆزی و بشێوی لێکەوتەوە و ئێستا  ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنی و هاوڕێکانیان بە سەرخۆشییەوە وەک یارانی شەیتان دەستیان داوەتەوە هەڵیت و پەڵێت وتن.حەزرەتی ئایەتوڵا خامەنەیی  بە ئاماژە بە قسەکانی کاربەدەستێکی ئەمریکایی کە ناراستەوخۆ وتبووی یارمەتی و داکۆکیی هەر کەسێک دەکات کە لە ئێران بشێوی بنێتەوە، فەرمووی: گەمژەکان وادیارە وەهم و خەیاڵ گرتوونی، بەڵام گەلی ئێران ئەوەی وا بەکرێگیراویی دەکات بۆ ئەمریکا، لە ژێر پێی خۆی پێشێل دەکات.

ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی بە ئاماژە بە ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و سەرخۆشیی زایۆنییەکان و هەڵیت و پەڵێت وتنەکانیان و دڵخۆشبوونیان بەوەی کە سەرکەوتووی مەیدان ئەوان دەبن فەرمووی: چل و چەن هەزار ژن و منداڵتان بە بۆمب کوشت، بەڵام نەتانتوانی تەنانەت بگەنە یەک لەو ئامانجانەی لە دەسپێکی شەڕەوە راتانگەیاندبوو. ئایا دوای ئەوەی کەسایەتییەکی مەزنی وەک "سەید حەسەن نەسروڵا"ـتان شەهید کرد توانیتان حیزبوڵا تیاببەن؟

مەقامی مەزنی ڕێبەری خۆراگری لە ناوچەکە لەوان حیزبوڵا، حەماس و جەهادی ئیسلامیی بە زیندوو و چالاک وەسف کرد و ڕوو لە زایۆنییەکان فەرمووی: ئێوە سەرکەوتوو نین، بەڵکوو دۆڕاو و شکستهێناون.

حەزرەتی ئایەتوڵا خامەنەیی هۆکاری پێشڕەویی زایۆنییەکان لە خاکی سوریا و داگیرکردنی ناوچەگەلێکی ئەم وڵاتەی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی هیچ لەمپەر و خۆڕاگرییەک لە لایەن تەنانەت یەک سەربازەوە بەرامبەر بەوان و فەرمووی: ئەم چوونەپێشەوەی بە بێ لەمپەر، سەرکەوتن نییە، بەڵکوو بێ گومان لاوانی ئازا و جوامێری سوریا ئێوە لە خاک و وڵاتی خۆیان وەدەردەنێن.

ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران هەروەها بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە ئێران هیچ هێزێکی نیابەتی و بریکاری نییە، فەرمووی: یەمەن، حیزبوڵا، حەماس و جەهاد شەڕ دەکەن، چوونکە ئیماندارن و ئەوەی ئەوانی هێناوەتە مەیدانی خۆڕاگرییەو، بڕوا و هێزی ئیمانە نە ئەوەی کە لە لایەن ئێرانەوە و بۆ ئێران شەڕ بکەن.

سەرپەیڤ