بەقایی: نابێ سووریا ببێ بە بنکەی گەشەی تیرۆریزم
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: سووریا دەبێ بە بێ خۆوەردانی لایەنە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە چارەنووس و داهاتووی خۆی بڕیار بدات و نابێ ببێت بە بنکەیەک بۆ گەشەسەندنی تیرۆریزم.
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پرێس کۆنفرانسی حەفتانەیدا وتی: ئێمە ڕێز دەگرین لەوەی سوورییەکان خۆیان هەڵیدەبژێرن، پاراستنی یەک پارچەی خاکی سوریا بۆ ئێمە بۆ سەرجەم ناوچەکە گرینگە. ئێمە داڵغەکانی خۆمان ڕاگەیاندووە بە لایەنە جۆربەجۆرەکان و سوریاش دەبێ بەبێ خۆوەردانی لایەنە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە چارەنووسی خۆی بڕیار بدات، نابێ سۆریا ببێ بە بنکەیەک بۆ گەشەسەندنی تیرۆریزم.
بەقایی سەبارەت بە بارودۆخی کەرتی غەززەش وتی: ژینۆساید لە کەرتی غەززە کە بە ڕاستی جێی شەرمەزارییە بۆ هەموو مرۆڤایەتی و پەڵەیەکی نەنگە بە نێوچاوانی ڕژێمی زایۆنییەوە، ئێستاش هەر بەردەوامە. لە ڕۆژانی ئەمدواییەدا کوشت و کوشتاری فەلەستینییە بێ تاوانەکان لە غەززە هەر بەردەوام بوو. سەرما و سۆڵە و ڕەوشی نالەباری خۆراک و خواردن کارەساتێکی مرۆیی لە غەززەی تەواو قورستر کردووە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاردانەوە بە هەڕەشە وگوڕەشەکانی ئەمریکا دژ بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران وتی: لە ڕوانگەی مافەوانییەوە هەڕەشە کردن لە وڵاتانی دیکە بنپێکەری ئاشکرای مافە نێودەوڵەتییەکانە، بە تایبەت هەڕەشەی دژ بە ناوەند و دەزگە ئاشتییانە ئەتۆمییەکانی وڵاتێک بنپێکردنی پێبەندییەکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانە. ناوبراو وتیشی: ئێران ئەوەی سەلماندووە کە بەرگری لە سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەی خاکی خۆی لێبڕاوانە دەجووڵێتەوە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە سەفەری سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تارانیش وتی: وردییاتی سەفەر لە لایەن نووسینگەی سەرۆک کۆمارییەوە ڕادەگەیاندرێت. ئەم سەفەرە بە بانگهێشتی سەرۆک کۆماری ئێران ئەنجام دەبێت، لە چوارچێوی پێوەندییەکان و هاتووچۆکانی ئێران و عێراقدا . بڕیارە سەبارەت بە پەیوەندیەکان و لایەنەکان قسە بکرێت. سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەو تەبایی نامانەش کە پێشتر واژوو کراون، هەروەها سەبارەت بە ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەش وتووێژ دەکرێ.